ئاوارەکانی عێراق ناگەڕێنەوە شار و ناوچەکانی خۆیان
سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد کە وێڕای بڕیاری گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانی خۆیان، بەڵام ئاوارە عێراقییەکانی ناو ھەرێمی کوردستان تا ئێستا نەگەڕاونەتەوە و٧٠%ی خەرجیشیان لەسەر ئەرکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە.
ھۆشەنگ محەمەد، سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئێستا ٧٧٨ ھەزار ھاووڵاتی ئاوارەی شارەکانی عێرا ق لە ٢٨ کەمپی ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستاندان کە٧٠%ی خەرجییەکانی لەسەر ئەرکی ھەرێمی کوردستانە".
گوتیشی: "وێڕای ئەوەی حکوومەتی عێراق بڕیاری گەڕانەوەی ئەو ئاوارانەی بۆ شارەکای خۆیان داوە، بەڵام بەھۆی پاڵپشتینەکردنیان بۆ ئاوەدانکردنەوەی شوێنەکانیان و دابیننەکردنی ھەلی کار و بارودۆخی ئاسایشی شارەکان، ئاوارەکان ئامادە نین بگەڕێنەوە، تەنانەت ساڵی ڕابردوو ١٠ ھەزار ئاوارە دوای ئەوەی گەڕانەوە شوێنەکانی خۆیان، جارێکی دی ھاتنەوە ھەرێمی کوردستان".
ھۆشەنگ محەمەد ئاماژەی بەوەش کرد: "ھاوکارییەکانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی بۆ ئەو ئاوارانە بە بەراوردبە ساڵانی پێشوو نیواونیو کەمی کردووە".
باسی ئەوەشی کرد" "ھاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان ڕێنمایی و ڕێوشوێنەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو کەمپی ئاوارەکان گیراوەتە بەر و خۆشبەختانە تا ئێستا ھیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە ڤایرۆسکە لەو کەمپانە تۆمار نەکراوە".
باسنیوز