مستەفا کازمی کاندیدی پۆستە وەزارییەکان دیاری دەکات

مستەفا کازمی کاندیدی پۆستە وەزارییەکان دیاری دەکات
مستەفا کازمی کاندیدی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق دانوستانەکانی بۆ پێکهێنانی کابینەکەی ڕاوێژی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەست پێ کردووە و مامۆستایەکی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی سەڵاحەدینیش پێی وایە بەهۆی کۆکبوونی زۆرینەی ناو ماڵی شیعەکان و کورد و سوننەوە دیاریکردنی پۆستە وەزارییەکان بۆ کازمی زۆر ئەستەم نابێت، بەڵام لە عێراقی دوای ۲٠٠۳دا هەمیشە لە کۆتا کاتژمێرەکاندا توانراوە کابینە پێشکەش بکرێت.

بەپێی زانیارییە رۆژنامەوانییەکان، مستەفا کازمی کاندیدی راسپێردراوی شیعەکان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران لە بەرنامەیدایە کابینەکەی لە ماوەی دوو هەفتەدا پێک بهێنێت.

هەر بەپێی زانیاریەکان، ئێستا دانوستانەکانی بۆ دیاریکردنی کاندید بۆ پۆستە وەزارییەکان لەگەڵ لایەنە شیعەکانی بەشدار لە حکوومەت دەست پێ کردووە و داوای لێکردوون بۆ ئەو پۆستە وەزارییانەی کە بەریان دەکەوێ کەسانی وا دیاری بکەن کە لەلایەن شەقامی عێراقییەوە قبووڵکراو بێت.

لەمبارەوە، د.ئیبراهیم محەمەد عەزیز، مامۆستای کۆلیژی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی سەڵاحەدین رای گەیاند، کاندیدی راسپێردراو بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەتی عێراقی بەپێی ئەو شێوازەی کە دوای ۲٠٠۳وە سیستەمی عێراقی لەسەر دامەزراوە، مافی پێکهاتەی شیعەیە و بە پلەی یەکەم دەبێت ئەوان کەسێک بۆ ئەو پۆستە دیاری بکەن وەکوو لە ماددەی ۷٦ دەستوردا هاتووە، شیعەکانیش خاوەنی کوتلەیەکن کە زۆرترین ژمارەی نوێنەران لەخۆ دەگرێت. بۆیە شیعەکان دواجار ڕێک کەوتن لەسەر کازمی و ئێستا بەپێی دەستوور بوار کراوەیە لەبەردەمیدا بۆ کارکردن لەسەر پێکهێنانی کابینەکەی.

گوتیشی: "پێکهاتەکانی تری وەکوو کورد و سوننە ئەو مافەیان هەیە کە رەزامەند بن لەسەر ئەو کەسەی کە شیعە پێشنیاری دەکات لەم لایەنەوە رەزامەندیی نیشاندانی کورد سوننە پشتگیرییەکی باشە بۆ کازمی، چونکە ئەوە دەری دەخات کە پێکهاتە سەرەکییەکانی عێراق لەسەری کۆکن، چونکە لە ڕوانگەی ئەوەی کە هەر سێ پێکهاتکە پێشوازییان کرد لە کاندیدبوونی و پێدەچێت ئێستا لە قۆناغی دانوستاندا بێت بۆ دابەشکردنی پۆستە وەزارییەکان لە نێوان پێکهاتە و لایەنەکان، ئەگەر توانی هەموان رازی بکات لەسەر پشک و بەشەوە زارییەکان، ئەوا بە زوویی کابینەکە دروست دەبێت، بە پێچەوانەوە ئەگەر نەتوانێت لایەنەکان رازی بکات، بێگومان ئەوا لە کۆتایی ئەو مانگەی بۆی دیاری کراوە کابینەکەی پێشکەشی پەرلەمان دەکات، تا ئێستا لە عێراقی دوای ۲٠٠۳ هەمیشە لە کۆتا کاتژمێرەکاندا توانراوە کابینە پێشکەش بکرێت و هەموویشیان بە ناتەواوی کابینە دەنگی لەسەر دراوە، نەتوانراوە رێککەوتن لەسەر هەموو وەزیرەکان بکرێت بەتایبەت ناوخۆ و بەرگری و هتد. ئەمەش گرفتە بۆ کازمی کە چۆن دتوانێت لایەنەکان رازی بکات لەسەر ئەو پشک و بەشانە".

ئیبراهیم محەمەد، ئاماژەی بەوەش دا کە رێککەوتن لەسەر کارنامەی حکوومەتەکەی یەکێکی ترە لە و خاڵانەی کە کازمی دەبێت بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکات، گوتی: "ئەوەی ئێستا داواکارییە هەڵبژاردنی پێشوەختە و میلیشیا شیعەکان و گرفتی بودجە و پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و بەغدا و دووبارە بنیتاتنانەوە و گەڕانەوەی ئاوارە سوننەکان و... هتد کە دەبێت لە کارنامەکەیدا بە روونی باسیان بکات و لایەنەکان رەزامەند بن لەسەری، یەکێکیش لەو گریمانانەی کە لەوە دەچێت ببێتە خاڵی لاوازی کازمی کە خاوەن کوتلەی پەرلەمانی نییە و هەمان کێشەش رووبەڕووی عادل عبدالمهدیش بوویەوە، بۆیە دەبێت بەردەوام لەبەردەم فشاری کوتلە بههێزەکان و کوتلەسەرەکی یەکان بێت".












باسنيوز




Top