فوئاد حوسێن و کازمی پێکهێنانی حکومەتی عێراق تاوتوێ دەکەن
فوئاد حوسێن کە هاوکات وەزیری داراییە، ئەمڕۆ شەممە 11-04-2020 لە توویتێکدا لە هەژماری خۆی رایگەیاند، "ئەمڕۆ چاوم بە برامان مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو کەوت، لە دانیشتنێکی برایانەدا هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەتەکەی و ئەو ئاستەنگانەمان تاوتوێکرد کە رووبەڕووی عێراق بوونەتەوە".
فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوە کرد، "هاوکات هیوای سەرکەوتنمان بۆ برامان کازمی خواست لە ئەرکەکەی و پێشکەشکردنی کابینەکەی لە نزیکترین کاتدا".
هەر ئەمڕۆ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق لە دیدارێکدا پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقیان تاوتوێکرد.
نووسینگەی رۆژنامەوانیی محەممەد حەلبووسی لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، "سەرۆکی پەرلەمان ئەمڕۆ لە شوێنی مانەوەی خۆی لە شاری فەلوجە پێشوازیی لە بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق کرد و لە دیدارەکەدا رەوشی عێراق و پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێیان تاوتوێکرد".
هەر لە راگەیێندراوەکەی نووسینگەی رۆژنامەوانیی حەلبووسیدا هاتووە، "حەلبووسی و بەرهەم ساڵح جەختیان کردەوە لەسەر ئەوەی کە دەبێت حکومەت هەنگاوەکانی چاکسازیی بنێت و کارنامەیەکی حکومیی راستەقینە دابنێت کە لە ئاستی پێداویستییەکانی قۆناخەکەدا بێت".
پێنجشەممەی رابردوو دوای کشانەوەی عەدنان زورفی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی پێشوو، سەرۆککۆماری عێراق مستەفا کازمی، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی عێراقی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ راسپارد و ئەم راسپاردنە بە رەزامەندی و ئامادەبوونی سەرکردە و کەسانی یەکەمی زۆربەی لایەنە سیاسییەکان بوو.
رووداو