عه‌دنان زورفى به‌ فه‌رمى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى خۆى له‌ پێكهێنانى حكوومه‌تى عێراق ڕاگه‌یاند

 عه‌دنان زورفى به‌ فه‌رمى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى خۆى له‌ پێكهێنانى حكوومه‌تى عێراق ڕاگه‌یاند
دووەمین راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی تازەی حکوومەتی عێراق، کشانەوەی خۆی لەو ئەرکە راگەیاند و داوای لێبووردنی کرد.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٩ی نیسانی ٢٠٢٠، عەدنان زورفی، راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق لە پەیامێکدا بە فەرمی داوای لێبووردنی کرد و رای گەیاند کە ئەو ئامانجی هەبووە عێراق ڕزگار بکات و بیگەڕێنێتەوە سەر ڕێگە راستەکەی و بیکاتە وڵاتێکی سەقامگیر و کاریگەر لە ناوچەکە.

بانگەشەی ئەوەشی کردووە کە لە هەفتەکانی رابردوودا سەرەتایەکی راستەقینەی بۆ سیاسەتێکی عێراقیی بونیادنراو لەسەر شەراکەتی ئابووری دامەزراندووە و لە یەکەمین ڕۆژی دوای راسپاردنیەوە، بەپێی گوتاری راسپاردنەکەی کاری کردووە و هەوڵی داوە ئابووریی وڵاتەکە ڕزگار بکات و سزای بکوژانی خۆپیشاندەران و تاوانباران بدات.

هاوکات سوپاسی ئەوانەی کردووە کە پشتیوانییان لێی کردووە و هەوڵی سەرخستنیان داوە و رای گەیاندووە: “ئەزموونی راسپاردنم جێدەهێڵم و من ویژدانم ئاسوودەیە”.

جەختیشی کردووەتەوە کە شکستهێنانی لە ئەرکەکەی بۆ هۆکاری ناوخۆیی و دەرەکی دەگەڕێتەوە و رای گەیاندووە کە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا هەوڵدەدات پڕۆژەکەی تەواو بکات.








باسنيوز
Top