موقتەدا سەدر: بۆ دەربازبوون لە کۆڕۆنا نیو کاتژمێر بە گریانەوە لە سوجدەدا بن
موقتەدا سەدر ئەمڕۆ سێشەممە ٧ی نیسانی ٢٠٢٠ رای گەیاند، هەموو ئەوانەی کە باوەڕیان بە بوونی خوا هەیە، پابەندن بەوەی بە گریانەوە لە سوجدەدا بمێننەوە ”تاوەکوو ئەم بەڵایە لەسەر ئەو میللەتە هەڵبگیرێت“.
ڕوونیشی کردووەتەوە کە سوجدەکە بۆ ماوەی ٣٠ خولەکی تەواو دەبێت و پێویستە پاش نوێژی هەینیی داهاتوو و پێش نوێژی عەسری هەمان ڕۆژ، ئەنجام بدرێت.
سەدر دەڵێت: ”من نوێژی هەینی بە شێوەیەکی تایبەت لە شوێنێکی نەجەف لەگەڵ هەندێک لە باوەڕداران و بە نوێنەرایەتیی ئیمانداران دەکەم، ئەگەر ژیان مایەوە و سوجدەش دەگرم“.
سەدر جگە لە ڕێبەرایەتیکردنی رەوتی سەدر، سەرۆکایەتیی کوتلەی سائیرونی پەرلەمانی عێراق دەکات کە خۆیان بە فراکسیۆنە گەورەکەی پەرلەمان دەزانن، لە ماوەی ڕابردووشدا بەهۆی ئەوەی لایەنگرانی سەدر بە توندی دژی خۆپیشاندەرانی عێراق وەستانەوە، ڕەخنەیەکی زۆری لەنێو شەقامی عێراقی لێگیراوە.
باسنيوز