چانسی راسپاردنی کازمی بۆ سەرۆکایەتی حکومەتی عێراق زیاتر دەبێت

چانسی راسپاردنی کازمی بۆ سەرۆکایەتی حکومەتی عێراق زیاتر دەبێت
چەند لایەنێكی دیكە بە سەرۆك كۆماری عێراقیان راگەیاندووە، كە پشتگیری لە مستەفا کازمی دەكەن، كە بۆ پێكھێنانی حكومەتی نوێ رابسپێردرێت.

بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگاداری عێراق، هەریەک لە حەیدەر عەبادی سەرۆکی هاوپەیمانی نەسر و نەسار روبەیعی سەرۆکی دەستەی سیاسی لە هاوپەیمانی سائیرون، بە بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمارییان راگەیاندووە، چیتر پاڵپشتی لە عەدنان زورفی بۆ سەرۆکایەتی کابینەی داهاتوو ناکەن و پشتگیری راسپاردنی مستەفا کازمی دەکەن.

کازمی، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری عێراقە و ئێستا لەلایەن به‌شێك له‌ کوتلە سیاسییەکانی شیعەوە بۆ سەرۆکایەتی حکومەت پشتیوانی لێدەکرێت، لە بەرامبەریشدا زورفی رەتیدەکاتەوە پاشەکشە بکات و لە نوێترین لێدوانیدا رایگەیاند، چاوەڕێی وادەی کۆبوونەوەی ئەنجووومەنی نوێنەران دەکات و لە 48 کاتژمێردا سیڤی کاندیدی وەزارەتەکان پێشکەشی پەرلەمان دەکات.




K24 -
Top