پەرلەمانتارێکی کورد: زورفی لە کارنامەکەیدا باسی لە سنووری ماددەی ١٤٠ نەکردووە
شێروان میرزا، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "کارنامەکەی عەدنان زورفی کە پێشکەشی ئەنجوومەنی نوێنەرانی کردووە و لە ۱٦ تەوەر پێکهاتووە کە یەکێک لە خاڵەکانی ئەوەیە بەڵێنیی داوە گرنگیی زۆر بە ڕووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بدات".
گوتیشی: "بەپێی ناوەڕۆکی کارنامەکە، بڕیار دراوە پڕۆژەیاسای بودجەی ۲٠۲٠ بە زووترین کات بنێرێت بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئامادەکاریش بکات بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژادنی پێشوەختە لە ماوەی ساڵێک لە متمانە وەرگرتنی حکوومەتەکەی".
باسی لەوەش کرد: "بەڵێنیشی داوە پشتگیریی ھێزە سەربازی و ئەمنییەکان و پێشمەرگەش بکات".
شێروان میرزا ئاماژەی ەبوەش دا: "عەدنان زورفی لە کارنامەکەیدا باسی پەیوەندیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندیی کردووە کە لێکتێگەیشتنی ئەرێنی و ھاوبەش لە نێوانیاندا ھەیە، بەڵام ھیچ ئاماژەیەکی بە بابەتی ناوچە جێناکۆکەکان و مادەی ١٤٠ و بودجەی ھەرێمی کوردستان نەکردووە".
بە گوتەی شێروان میرزا، دوای ڕاسپاردنی وەزیرەکانیش، پێویستە لە ماوەی ۳٠ ڕۆژدا کارنامەی وەزارەتەکانیان پێشکەش بکەن و لە ئەنجوومەنی وەزیران دەنگی لەسەر بدرێت.
باسنيوز