پەرلەمانتارێکی کورد: زورفی لە کارنامەکەیدا باسی لە سنووری ماددەی ١٤٠ نەکردووە

 پەرلەمانتارێکی کورد: زورفی لە کارنامەکەیدا باسی لە سنووری ماددەی ١٤٠ نەکردووە
دوای ئەوەی دوێنێ شەممە عەدنان زورفی سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێدراو بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، کارنامەی حکوومەتەکەی نارد بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانتارێکی کورد ناوەڕۆکی کارنامەکە ئاشکرا دەکات.

شێروان میرزا، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "کارنامەکەی عەدنان زورفی کە پێشکەشی ئەنجوومەنی نوێنەرانی کردووە و لە ۱٦ تەوەر پێکهاتووە کە یەکێک لە خاڵەکانی ئەوەیە بەڵێنیی داوە گرنگیی زۆر بە ڕووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بدات".

گوتیشی: "بەپێی ناوەڕۆکی کارنامەکە، بڕیار دراوە پڕۆژەیاسای بودجەی ۲٠۲٠ بە زووترین کات بنێرێت بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئامادەکاریش بکات بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژادنی پێشوەختە لە ماوەی ساڵێک لە متمانە وەرگرتنی حکوومەتەکەی".

باسی لەوەش کرد: "بەڵێنیشی داوە پشتگیریی ھێزە سەربازی و ئەمنییەکان و پێشمەرگەش بکات".

شێروان میرزا ئاماژەی ەبوەش دا: "عەدنان زورفی لە کارنامەکەیدا باسی پەیوەندیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندیی کردووە کە لێکتێگەیشتنی ئەرێنی و ھاوبەش لە نێوانیاندا ھەیە، بەڵام ھیچ ئاماژەیەکی بە بابەتی ناوچە جێناکۆکەکان و مادەی ١٤٠ و بودجەی ھەرێمی کوردستان نەکردووە".

بە گوتەی شێروان میرزا، دوای ڕاسپاردنی وەزیرەکانیش، پێویستە لە ماوەی ۳٠ ڕۆژدا کارنامەی وەزارەتەکانیان پێشکەش بکەن و لە ئەنجوومەنی وەزیران دەنگی لەسەر بدرێت.









باسنيوز
Top