میسال ئالوسی: ئێمە لە کارە تیرۆریستییەکانی جێگرەوەی سولەیمانی بەرپرس نین

میسال ئالوسی: ئێمە لە کارە تیرۆریستییەکانی جێگرەوەی سولەیمانی بەرپرس نین


سەرکردەیەکی باڵای عێراقی رایدەگەیەنێت، کە وڵاتەکەی بەرپرس نییە لە ”کارە تیرۆریستییەکان“ی جێگرەوەی قاسم سولەیمانی.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2-4-2020، میسال ئالوسی، سەرۆکی پارتی ئوممەی عێراقی لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، رایگەیاندووە، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی نوێی سوپای قودسی ئێرانی لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، تەنیا لەگەڵ ئەو سەرکردە عێراقییانە کۆ بووەتەوە، کە فەرمان لە ئێران وەردەگرن.

میسال ئالوسی هۆشداریی داوە و رایگەیاندووە، عێراق بە گەل و دەوڵەتەوە بەرپرسیار نییە لە ”کارە تیرۆریستییە نێودەوڵەتییەکان“ی قائانی و دارودەستەکانی لە عێراق.

دوزی کوژرانی قاسم سولەیمانی، ئیسماعیل قائانی وەک فەرماندەی نوێی سوپای قودسی ئێرانیی سەر بە سوپای پاسداران، دیاری کرا.

بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.

بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.

قاسم سولەیمانی، کە لە 11-3-1957 لە گوندی قەنات مەلەک لە شاری کرمان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە دایک بووە. سولەیمانی یەکێک بوو لە فەرماندە و بڕیاربەدەستە باڵاکانی ئێران.




باسنيوز
Top