گرووپێک بەناوی ئەسحابولکەهف بۆ هێرشکردنە سەر ئەمریکییەکان لە عێراق دروست دەبێت
گرووپێکی چەکداری بەناوی گرووپی ئەسحابولکەهف، کە بەشێکە لە بەرەی بەرگریی ئیسلامی لە عێراق (بەرەی شیعە)، هەڕەشە لە سوپا و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەکات.
لە بەیاننامەیەکدا، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراوەتەوە، گرووپی ئەسحابولکەهف رایگەیاندووە، ئەمریکا هەوڵی رفاندن و کوشتنی ”موجاهیدانی بەرگریی ئیسلامی“ دەدات.
گرووپەکە بە هەڕەشەکردنەوە رایگەیاندووە، ئەگەر لایەنە فەرمییە عێراقییەکان وەڵامی هەر هێرشێک و ئۆپەراسیۆنێکی سوپای ئەمریکا نەدەنەوە، ئەوا چەکدارەکانی ئەوان لە عێراق و وڵاتانی کەنداوی عەرەبی شەڕی کراوە لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بەرپا دەکەن.
ئەو گرووپە هۆشداریی داوەتە گرووپە چەکداری و لایەنە سیاسییە شیعەکانی عێراق، بەوەی هەوڵ نەدەن بڵێن ”بە سیاسەت ئەمریکییەکان لە عێراق دەردەکەین“ و پێی وایە ئەمریکا تەنیا لە زمانی چەک تێدەگات و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی بەهێز دەکات.
ئەسحابولکەهف داوای لە لایەن و میلیشیاکانی دیکەی شیعە کردووە بە وشەیەکیش بێ پاڵپشتییان بکەن، ”هەرچەندە ئێستا نامانناسن، بەڵام لە نزیکترین کاتدا دەمانناسن“.
باسنیوز