بریکاری وەزارەتێکی عێراق تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو
محەمەد حەنون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، وەلید موسەوی، بریکاری وەزارەتی بازرگانیی عێراق، هەرچەندە ماوەی دوو هەفتەیە کارەکەی لە وەزارەتی بازرگانی نەکردووە، بەڵام دەرکەوتووە کە ڤایرۆسی کۆرۆنای تووش بووە و ئێستا لە نەخۆشخانەیەکی بەغدا چارەسەر وەردەگرێت.
ڕوونیشی کردەوە کە بەهۆی نەخۆشکەوتنی و خراپیی دۆخی تەندروستی، ماوەی ١٥ رۆژ مووسەوی مۆڵەتی وەرگرتووە، دواتر دەرکەوتووە کە تووشی کۆرۆنا بووە.
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی دووپاتی کردەوە کە بریکاری وەزارەتەکەیان لە دوای تووشبوونی، چاوی بە وەزیری بازرگانی و هیچ یەکێک لە بەرپرسان و کارمەندانی وەزارەتەکەیان نەکەوتووە و بەرکەوتەیان نەبووە، بەڵام ئەوان ڕێوشوێنی خۆپارێزییان گرتووەتە بەر و نووسینگەکەی و چەند شوێنێکیان پاککردووەتەوە و دەرمانپڕژێن کردووە.
باسنيوز