راوێژکارێکی عەبدولمەهدی لێدوانێک لەبارەی مووچەی مانگەکانی داهاتوو بڵاو دەکاتەوە

راوێژکارێکی عەبدولمەهدی لێدوانێک لەبارەی مووچەی مانگەکانی داهاتوو بڵاو دەکاتەوە
راوێژکاری ئابووریی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی دەست لەکار کێشاوەی عێراق لێدوانێک لەبارەی مووچەی مانگەکانی داهاتووی مووچەخۆران، بڵاو دەکاتەوە.

ئەمڕۆ شەممە 28-3-2020، مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری ئابووریی عەبدولمەهدی، بە ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراقی راگەیاندووە، دابەشکردنی مووچە کاری لەپێشینەی حکوومەتە.

مەزهەر محەمەد ساڵح لەبارە مووچەی مانگەکانی داهاتووی مووچەخۆران، رایگەیاندووە، حکوومەت کۆمەڵێک رێکاری تایبەتی گرتووەتە بەر بۆ دابەشکردنی مووچە و بەهیچ شێوەیەک دابەشکردنەکە راناگیرێت.

ئەو راوێژکارە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەنجوومەنی وەزیران هەوڵ دەدا بە کەمکردنەوەی خەرجییەکان، هاوسەنگیی داهات و خەرجی، رابگرێت.

بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، کە زیاتر لە 600 هەزار کەس لە سەرانسەری جیهان تووشی بوون، نرخی نەوتی جیهانی بۆ نزیکەی 30 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، دابەزیوە.

تا ئێستا 343 کەس لە عێراق تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەشدا، 122 کەس چاک بوونەتەوە و 40 کەس گیانیان لەدەست داوە.












باسنيوز



Top