پزیشکانی عێراق: بەم زووانە دۆخەکە لە کۆنتڕۆڵ دەردەچێت

پزیشکانی عێراق: بەم زووانە دۆخەکە لە کۆنتڕۆڵ دەردەچێت
بەڕێوەبەری تەندروستی پارێزگای زیقار دەڵێت، خەڵکی بە لێشاو دێنە نەخۆشخانەکان، لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا هیچ شوێنێک سەلامەت نابێت. ئێمە نازانین کەی ژمارەکان دەتەقنەوە و زیاد دەبن، تەنانەت باشترین سیستمەکانی تەندروستی جیهانی ناتوانن بەرگەی بگرن.

چەند پزیشکێک لە عێراق لە بارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا قسەیان بۆ ئاژانسی رۆیتەرز کردووە و دەڵێن، ئێمە زۆر دۆخمان تێپەڕاندووە، لە جەنگ بیگرە تا ئابڵوقە و گەمارۆ، بەڵام بۆ ئەم ڤایرۆسە ئامادە نین.

حەنتوشی بەڕێوەبەری تەندروستی زیقار دەشڵێت، ئەو ئامارانەی هەن راست نین، چونکە زۆر کەس نەخۆشییەکەی بە جددی وەرنەگرتووە و لە کاتی تووشبون سەردانی نەخۆشخانە ناکات.

ئاشکراشی دەکات، ئەگەرچی لە بڵندگۆی مزگەوتەکان ئاگادارییەکان بڵاودەکەینەوە، هەندێک خێڵ رێگا نادەن ژن و کچە کانیان بەتەنها بن لە نەخۆشخانەکان.

هەروەها، زیارەتکارە شیعەکان، کە ژمارەیان ملیۆنەها کەس دەبێت، گوێ بە رێنماییەکان نادەن.

د. لەیس جوبر، پزیشکی چاودێریکەری نەخۆشخانی کۆرۆنا لە بەغدا بە رۆیتەرزی گوتووە، ئێمە بە زیارەتکارانمان گوتووە، بۆ ماوەی چواردە رۆژ خۆیان کەرەنتین بکەن.

هۆشداریش دەدات، رەنگە لە هەفتەکانی داهاتوو، ژمارەکان زۆر زیاد ببن، ئێمەش قەرەوێڵە و ئامێرمان نییە، ئەمەش بە مەترسییەکی زۆر دەزانێت.

ئاماژە بەوەش دەکات، عێراقییەکان وا دەزانن ئەمەش هاوشێوەی جەنگە و پێشتر بینیویانە، بەڵام نازانن ئەمە دوژمنێکی نەبینراوە و پزیشکان ناتوانن بە تەنها بجەنگن لەگەڵی.






K24-
Top