پەرلەمانتارێكی فەتح: راسپاردنی زورفی رەتدەكەینەوە

پەرلەمانتارێكی فەتح: راسپاردنی زورفی رەتدەكەینەوە
پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانیی فەتح كە هادی عامری سەرۆكایەتی دەكات، رایگەیاند "راسپاردنی عەدنان زورفی لەلایەن سەرۆككۆماری عێراقەوە بە تووندی رەتدەكەینەوە، چونكە لەلایەن گەورەترین فراكسیۆنەوە بەربژێر نەكراوە".

حەسەن شاكر، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی فەتح راگەیاند "تاوەكو ئێستا لایەنە سیاسییە شیعەکان نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێك لەبارەی راسپاردنی عەدنان زورفی".

پەرلەمانتارەکەی فەتح گوتیشی "لە ماددەی 76ی دەستووری عێراقدا هاتووە، سەرۆكوەزیران بە زۆرینەی پێكهاتە لەلایەن سەرۆككۆمارەوە رادەسپێردرێت، بەڵام ئەوە بەدینەهاتووە، بۆیە جارێكی دیكە لەلایەن بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق دەستوور پێشێلكرا و عەدنان زورفی راسپارد، هەردوو پێكهاتەی كورد و سوننەش بە ئاشكرا گوتیان، هیچ بەربژێرێك قبوڵناكەن ئەگەر زۆرینەی شیعەی لەگەڵ نەبێت".

سەبارەت بە هۆكاری رەتكردنەوەی زورفی لەلایەن فەتح و دەوڵەتی یاساوە، حەسەن شاكر گوتی "لەبەرئەوەی لە رێگەی سازانی شیعە رانەسپێردراوە، بۆیە لەلایەن هاوپەیمانیی فەتح، دەوڵەتی یاسا، رەوتی حیكمە، فراكسیۆنی نەهجی وەتەنی و ژمارەیەك فراكسیۆنی دیكە كە نزیكەی شەش فراكسیۆنن رەتكراوەتەوە، ئەمەش پێكهاتەی شیعە لاواز دەكات، هەڵوێستیشمان لەوبارەیەوە نەگۆڕە و داواش لە عەدنان زورفی دەكەین بكشێتەوە".

رۆژی سێشەممە 17-03-2020 د. بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق بە فەرمی عەدنان زورفی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسری لە پەرلەمانی عێراق بۆ پێکهێنانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق راسپارد.


رووداو
Top