دابەزینی نرخی نەوت عێراق بەرەو قەیرانی دارایی دەبات
سەرەرای ئەوە، پێناچێت بەرپرسانی عێراق هێندە نیگەران بن و بەپێچەوانەی شارەزایانەوە پێیانوایە ئەم رەوشەی ئێستا کاتییە.
فاتح بیرۆڵ، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە لەوە بارەیەوە دەڵێت، "90٪ی داهاتی عێراق لەڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەمە گوشارێکی دارایی زۆر لەسەر حکومەتی عێراق دروستدەکات".
عێراق دووەمین بەرهەمهێنەری گەورەی نەوتی نێو رێکخراوی ئۆپێکە. نرخی نەوتی لە بودجەی 2020ـدا کە هێشتا پەسندنەکراوە بە 56 دۆلار داناوە، بەڵام نرخی نەوت لەبەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و رێککنەکەوتنی وڵاتانی بەرهەمهێنەری ئەندام لە ئۆپێک و دەرەوەی ئۆپێک لە ناوەڕاستی ئەم مانگە بۆ خوار 30 دۆلار دابەزی.
بەڕەێوبەری ئاژانسیی نێودەوڵەتیی وزە جەخت لەوە دەکاتەوە، "لەم قەیرانەی ئێستادا لە باشترین رەوشدا داهاتی نەوتی عێراق 2.5 ملیار دۆلار دەبێت. رەوشی ئێستا هەنگاوی بەپەلە و گونجاوی بەرپرسانی عێراقی پێویستە."
بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە داهاتی پوختی عێراق لە ساڵی 2020ـدا بەراورد بە ساڵی 2019 بە رێژەی 65% دادەبەزێت. بەو پێیەش داهاتی مانگانەی عێراق چوار ملیار دۆلار کورت دەهێنێت و ئەو وڵاتە ئەگەر بتوانێت، تەنیا فریای پێدانی مووچەی فەرمانبەران دەکەوێت.
بەرپرسانی عێراق هێندە نیگەران دەرناکەون. عەلی عەلاق، بەڕێوەبەری بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت، "هەندێک نیگەرانی هەیە، بەڵام ئەوەندە زۆر نییە. چاوەڕوان ناکەین نرخی نەوت زۆر بەرزبێتەوە، بەڵام دەگاتە ئاستێک کە پێداویستییەکانی ئێمە پڕبکاتەوە".
بەرپرسانی بانکی ناوەندیی عێراق پێیانوایە هێندە داهاتی نەوتیان دەستدەکەوێت کە بەشی پێدانی مووچە و قەرزە دەرەکییەکانی عێراق دەکات، بەڵام نەبوونی سەرمایە بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان ئەگەری زیندووکردنەوەی خۆپێشاندانەکانی لێدەکەوێتەوە.
رووداو