عێراق راگرتنی ماوەی سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی درێژ کردەوە
دانا محەممەد، بەرپرسی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی راگەیاند، بە بڕیاری دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەکانی عێراق، بە هەولێر و سلێمانیشەوە، کە لە 24ی ئادار کۆتایی دێت، بەڵام ماوەکەی تاوەکو 28-3-2020 درێژکرایەوە.
دانا محەممەد ئاماژەیشی بەوە کرد، بڕیارەکە لە چوارچێوەی ئەو رێکارانەدایە کە بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیراونەتەبەر.
دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق یەکەمجار لە کاژێر 6:00ـی 17-03-2020ـەوە تاوەکو 24-03-2020 سەرجەم گەشتەکانی لە عێراق راگرت، بەڵام دەسەڵاتی فڕۆکەوانی بۆ جاری دووەم تاوەکو 28-03-2020 ماوەی راگرتنی گەشتی فڕۆکەکانی درێژ کردەوە. بڕیاری راگرتنەکەش تەنیا فڕۆکە بارهەڵگرەکان (کارگۆ) ناگرێتەوە.
بڕیارەکەی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی عێراق هێزە سەربازییەکانی عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانیی لێ بەدەرکراوە. پێویستە دیپلۆماتکاران بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق گەشتەکانیان بکەن.
رووداو