شیعەکان سێ کەس بۆ جێگرتنەوەی عەدنان زورفی کاندید دەکەن
ژمارەیەک لایەنی شیعەی ناڕازی بە راسپاردنی عەدنان زورفی بۆ پێکهێنانی حکوومەت، سێ کەس بۆ جێگرتنەوەی کاندید دەکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 22-3-2020، ماڵپەڕی (سۆمەرییە نیوز) لە زاری سەرچاوەیەکی سیاسییەوە بڵاوی کردووەتەوە، سێ کەسەکە هەرسێکیان سەرۆک زانکۆبوون و ناوەکانیان بۆ موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر ناردووە، تا یەکێکیان پەسەند بکات.
دوای راسپاردنی عەدنان زورفی، پارێزگاری پێشووی نەجەف بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، ژمارەیەک لایەنی بەهێزی شیعی، کە گرنگترینیان بریتین لە دەوڵەتی یاسا، هاوپەیمانیی فەتح، کوتلەی عەهدی وەتەنی و رەوتی حیکمە، دژایەتیی خۆیان بۆ راسپاردنی زورفی، راگەیاند.
ئەو لایەنە شیعە ناڕازییانە لە زورفی، سێ ناویان کاندید کردووە و ئەگەر موقتەدا سەدر یەکێکیان پەسەند بکات، ئەوا راسپاردنەکە لە زورفی وەردەگیرێتەوە، ئەگەر سەدریش پەسەندی نەکا، ئەوا زورفی بەردەوام دەبێ لە هەوڵەکانی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق.
ناوی سێ سەرۆک زانکۆ کاندید کراوەکە بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەتی نوێی عێراق:
- ئەحمەد ئەلغەبان، سەرۆکی زانکۆی تەکنۆلۆجی
- مونیر سەعدی، سەرۆکی پێشووی زانکۆی عەین لە کەربەلا
- موحسین زاڵمی، سەرۆکی پێشووی زانکۆی کوفە
دوای دەست لەکار کێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی و شکستهێنانی محەمەد عەللاوی لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، رۆژی سێشەممە 17-3-2020، بەرهەم ساڵح، سەرکۆماری عێراق لە کۆشکی کۆماری عەدنان زورفی، پارێزگاری پێشووی نەجەفی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، راسپارد.
پێشتر سەرکۆمار محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ جێگرتنەوەی عادل عەبدولمەهدی راسپاردبوو، بەڵام بەهۆی پەراوێزخستنی کورد و سوننە، شکستی هێنا و نەیتوانی لە ماوەی دەستووریی خۆیدا، کابینەکەی پێک بهێنێت و لە شەوی یەکشەممە 1-3-2020، شکستهێنانی خۆی راگەیاند.
عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.
دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات، کە لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و بێکاریی گەنجان، دەستیان پێکرد.
باسنيوز