ئەمریكا: لە بەرپرسانی عێراق نائومێد بووین

 ئەمریكا: لە بەرپرسانی عێراق نائومێد بووین
دوێنێی هەینی بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند هەست بە نائومێدییەكی زۆر دەكەن لە ئاستی حكوومەتی عێراق لەبارەی پابەندبوون بە پاراستنی هێزەكانی هاوپەیمانان لەم وڵاتە.


كەناڵی "ئەلجەزیرە"ی عەرەبی لە زاری بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكای گواستەوە كە واشنتۆن ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر نائومێد دەبێت لە ئاستی كارەكانی حكوومەتی بەغدا بۆ پاراستنی هێزەكانی هاوپەیمانان بە سەركردایەتیی ئەمریكا.


چەند مانگێك لەمەوبەر، لە سەرەتای دەستپێكردنی هێرشەكانی میلیشیا شیعیەكان بۆ سەر هێزەكانی هاوپەیمانان و ئەمریكا لە عێراق، حكوومەتی بەغدا بەڵێنی بە واشنتۆن دا كە لێكۆڵینەوەی ڕژد لەبارەی ئەم هێرشانەوە ئەنجام دەدات و ئەنجامدەرانی هێرشەكانیش دەداتە دادگا، كەچی تا ئێستا ئەم بەڵێنە جێبەجێ نەكراوە و هێرشی میلیشیاكانیش بەردەوامە.


ڕۆژی چوارشەممەی رابردووش وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا رایگەیاندبوو كە لێكۆڵینەوە لە چۆنیەتی وەڵامدانەوەی هێرشەكانی میلیشیاكان بۆ سەر هێزەكانیان لە عێراق دەكەن.


جێی باسە ڕۆژی هەینیی رابردوو لە ئەنجامی هێرشێكی میلیشیاكاندا، سێ سەربازی ئەمریكی و چەند سەربازێكی عێراقی بریندار بوون.



باسنيووز
Top