5 ژن بەهۆی بارانی بەخوڕ لە دیالە گیانیان لەدەستدا
رەعد دەهلەكی، پەرلەمانتاری پارێزگای دیالە رایگەیاند، "پێنج ژنی خێزانێكی ئاوارە لە قەزای بەعقوبە بوونە قوربانی پشتگوێخستنی بەردەوامی دۆسیەی ئاوارەكان لەلایەن حكومەتەوە، ئەوەش دوای داڕمانی خانووە قوڕەكەیان لەبەر بارینی بارانی بەخوڕ".
هەروەها دەڵێت، "خێزانەکە لە نێو خانویەكی قوڕی سادە بوونە قوربانی، ئەو رووداوە بەڵگەیەكی روونە لەسەر قەبارەی تاوانی حكومەتەكانی پێشوو لە پشتگوێخستنی دۆسیەیەكی مرۆیی گرنگ كە دۆسیەی ئاوارەكانە".
بەگوتەی پەرلەمانتارەکەی پارێزگای دیالە، بەشێوەیەكی راستەوخۆ بەدواداچوون بۆ ئەو رووداوە دەكەن و پێیوایە: "ئەوە نیشاندەری ئابڕووچوونی هەموو حكومەتەكانی پێشووە، هاوكات پەیامێكی خێرایە بۆ سەرۆكوەزیرانی داهاتوو بۆ ئەوەی گرنگی بەو دۆسیە مرۆییە بدات و ئەو تاوانە دووبارە نەبێتەوە".
رەعد دەهلەکی رەخنەی تووند لە حکومەتی عێراق دەگرێت و دەڵێت: "حکومەت دەستبەرداری رۆڵەكانی بووە و وازی لێهێناون لە چۆڵەوانی بخەون و ژنەكانیان لەژێر داروپەردوو بنێژرێن، بێ پێشكەشكردنی هیچ هاوكارییەك یان چارەسەرێك، لە ماوەی چەندین ساڵی رابردوودا".