میسال ئالوسی: میلیشیاکان ریگا بۆ هاتنی تووشبووانی کۆرۆنا لە ئێرانەوە بۆ عێراق دەکەنەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە 18-3-2020، میسال ئالوسی، سەرۆکی پارتی ئوممەی عێراقی بەیاننامەیەکی دەرکردووە، تێیدا بەراوردی تووشبوونی هاووڵاتییانی چەند ناوچەیەکی جیهانی، بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کردووە.
میسال ئالوسی رایگەیاندووە، دوو هەفتەی داهاتوو دوو هەفتەی چارەنووسسازن لەبەردەم حکوومەت و گەلی عێراق و رایگەیاندووە، زیادبوونی ژمارەی ئەوانەی هەڵگری کۆرۆنان و لە ئێرانەوە دێنە ناو عێراق مەترسییی تەندروستی لەسەر عێراق دروست دەکات.
میسال ئالوسی پێی وایە بەشێک لە لایەنە عێراقییەکان و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دەرگا بۆ ئێرانییەکان دەکەنەوە بۆ ئەوەی بێنە ناو عێراق، ئەمەش گەلی عێراق دەگەیەنێتە ئەو باوەڕەی ئەو لایەن و میلیشیایانە بە ئەنقەست گەلەکەیان تووشی کۆرۆنا و نەهامەتی دەکەن.
ئەو سەرکردە عێراقییە داوای لە رۆشنبیر و عاقڵمەندانی وڵاتەکەی کردووە رێگریی لە رێگادان بە ئێرانییەکان بۆ سەردانی عێراق و مەزارە پیرۆزەکانی، بکەن و سەلامەتیی و تەندروستیی عێراقییەکان بکەنە کاری لەپێشینەیان.
میسال ئالوسی جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ئەو لێژنەیەی ئێستا لەلایەن حکوومەتی عێراقییەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا پێک هاتووە لێژنەیەکی شکستخواردووە و داوای کردووە لێژنەیەکی نوێ بە سەرۆکایەتیی گەنجێکی پسپۆڕ، کە لە گەندەڵی نەگلابێ و هیچ پەیوەندییەکانی بە باڵوێزخانەی ئێرانەوە نەبێ، پێک بهێندرێت.
باسنيوز