چوار لایەنی بەهێزی شیعە سەرکۆمار بە پێشێلکردنی دەستوور تۆمەتبار دەکەن

 چوار لایەنی بەهێزی شیعە سەرکۆمار بە پێشێلکردنی دەستوور تۆمەتبار دەکەن


چوار لایەنی بەهێزی شیعەمەزهەبەکان سەرکۆماری عێراق بە پێشێلکردنی دەستوور، تۆمەتبار دەکەن.

دوای دەست لەکار کێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی و شکستهێنانی محەمەد عەللاوی لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، رۆژی سێشەممە 17-3-2020، بەرهەم ساڵح، سەرکۆماری عێراق لە کۆشکی کۆماری عەدنان زورفی، پارێزگاری پێشووی نەجەفی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، راسپارد.

لە بەیاننامەیەکدا، هاوپەیمانیی فەتح، دەوڵەتی یاسا، عەقدی وەتەنی و نەهجی وەتەنی دژایەتیی خۆیان بۆ راسپاردنی عەدنان زورفی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، راگەیاندووە.

لە بەیاننامەکەدا، ئەو چوار لایەنە بەرهەم ساڵحی سەرکۆماری عێراق بە پێشێلکردنی دەستوور تۆمەتبار دەکەن، چونکە کاندیدی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، رانەسپاردووە.

ئەو چوار لایەنە ئاماژەیان بەوەش کردووە، کە نیگەرانن لەوەی سەرکۆمار، کە پارێزەری دەستووری وڵاتە، بە ئاشکرا سەرپێچیی دەستووری کردووە و پێیان وایە راسپاردنی عەدنان زورفی ئاشتیی کۆمەڵایەتی تێک دەدا و یەکگرتوویی پێکهاتەکانی عێراق دەخاتە مەترسییەوە.

- هاوپەیمانیی فەتح (هاوپەیمانیی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە پەرلەمان)، لەلایەن هادی عامرییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.

- هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، لەلایەن نوری مالیکییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.

- کوتلەی عەقدی وەتەنی، لەلایەن فالح فەیازەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.

- کوتلەی نەهجی وەتەنی، سەر بە حزبی فەزیڵەی ئیسلامییە.

پێشتریش میلیشیای عەسایب ئەهلی حەق، کوتلەی بەدر و کوتلەی سادیقون دژایەتیی خۆیان بۆ راسپاردنی عەدنان زورفی، راگەیاندبوو.

پێشتر سەرکۆمار محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ جێگرتنەوەی عادل عەبدولمەهدی راسپاردبوو، بەڵام بەهۆی پەراوێزخستنی کورد و سوننە، شکستی هێنا و نەیتوانی لە ماوەی دەستووریی خۆیدا، کابینەکەی پێک بهێنێت و لە شەوی یەکشەممە 1-3-2020، شکستهێنانی خۆی راگەیاند.

عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.

دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.

خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و بێکاریی گەنجان، دەستیان پێکرد.

بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 600 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.




باسنيوز
Top