عەدنان زورفی: هەوڵدەدەین کێشەکان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان چارەسەربکەین
عەدنان زورفی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق نێوەڕۆکی کاری کابینەکەی خستەڕوو و جەخت لەوە دەکاتەوە، پشتیوانیی پێویستی پارێزگاکان و حکومەتە خۆجێییەکان دەکات.
سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق ئاماژەی بەوە کرد پەرە بە دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکان دەدەن و پشتیوانی لە دەستەی حەشدی شەعبی و هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن کە بەشێکن لە سیستەمی سەربازیی وڵات.
عەدنان زورفی ئاماژەی بەوەش کردووە، پەلە دەکات لە ناردنی پرۆژە یاسای بودجەی 2020 بۆ پەرلەمانی عێراق و پەسندکردنی لەلایەن پەرلەمانی عێراق.
سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق ئەوەی خستووەتەڕوو کە کاردەکات بۆئەوەی چەک تەنیا لەدەست دەوڵەت بێت و هەموو دیاردەیەکی چەکداری نەهێڵێت، هەروەها دەسەڵاتی دەوڵەت بسەپێنێت و ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و پاک و بێگەرد لە ماوەی ساڵێکدا بکات.