ئەندامێکی رەوتی حیکمە: دوورین لە ھەر کێشمەکێشێکی سیاسی کە بیەوێ دۆخەکە ئاڵۆز بکات

ئەندامێکی رەوتی حیکمە: دوورین لە ھەر کێشمەکێشێکی سیاسی کە بیەوێ دۆخەکە ئاڵۆز بکات
لە دوایین ساتەکانی ئەو ماوە دەستوورییەی لە بەردەستی مابوو، بەرهەم ساڵح، عەدنان زورفی سەرۆکی فراکسیۆنی نەسری حەیدەر عەبادیی بۆ پێکھێنانی حکومەت راسپارد، پێچەوانەی بەیاننامە تووندەکەی فەتحی ھادی عامری کە وەکو بەرەی ناڕازی خۆیان نیشاندەدەن، پەرلەمانتارەکانی مالکی، سەدر، حەکیم و عەبادی ئامادەی رێوڕەسمەکە بوون، ئەمەش وەکو ئاماژەیەک بۆ پشتگیری لە عەدنان زورفی کە بەپێی دەستوور ماوەی مانگێکی لەبەردەستە تاوەکو بەرنامەی کار و وەزیرەکانی پێشکەشی پەرلەمان بکات.

رەحیم عەبودی، ئەندامی دەستەی رەوتی حیکمە دەڵێ "حیکمە ھیچ ناڕەزایەتییەکی نییە بەرامبەر کۆدەنگیی سیاسیی پێکھاتەی شیعە، بۆ ھەر دەستپێشخەرییەکی سیاسیش پشتیوانە و ھانیاندەدات، حیکمە دوورە لە ھەر کێشمەکێشێکی سیاسی کە بیەوێ دۆخەکە ئاڵۆز بکات، ئێمە ئەمڕۆ پێوستمان بە تێپەڕاندنی ئەو دۆخە، یەکڕیزی و یەکدەنگی و ھەڵوێستی کوتلە سیاسییەکانە".

گۆڕەپانی خۆپێشاندانەکان لە بەغدا ھەر زوو دەنگی دروشمی "عەدنان زورفی مەرفوز"ی لێ بەرزبوەوە، خۆپێشاندەران رابردوو و بەشداریی زورفی لە دەسەڵاتدا کە پێیانوایە بەشداریی ئەو وێرانەیەی عێراقە، رەتدەکەنەوە؛ وەکو ھەمیشە دەڵێن، تاقیکراوەکان نابێ تاقیبکرێنەوە.

محەمەد رەمەزان، چالاکوانی خۆپێشاندانەکان ئاماژە بەوە دەکات، زورفی "ھیچ لەو تایبەتمەندییانەی تێدا نییە کە خۆپێشاندەران داوایدەکەن، ئێمە گوتوومانە وەزیری پێشوومان ناوێت، کەسێکمان ناوێ ھەر پۆستێکی باڵای ھەبووبێ، کەسێکمان ناوێ وڵاتینامەی دیکەی ھەبێت و ئەویان بە ھەڵبژاردەی ئێمەی شۆڕشگێڕان نەھێناوە، بەڵکو دیاریکراوە لە بەرژەوەندیی خۆیان".

لەسەر ئاستی شەقام و سیاسییەکان، بەرەی رازی و ناڕازی لە دژی عەدنان زورفی دروستبوون، بۆیە پێناچێت بە ئاسانی کارنامە و کابینەکەی پێشکەشی پەرلەمان بکات و تێپەڕێندرێت.
Top