سیستانی فەتوایەک لەبارەی مردنی پزیشک و کارمەندانی تەندروستی بە کۆرۆنا دەدات
مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق داوا لە خوای گەورە دەکات ئەو پزیشک و کارمەندانەی تەندروستی، کە بەهۆی کۆرۆناوە گیان لەدەست دەدەن، پلەی شەهیدیان پێ ببەخشێت.
هاووڵاتییەکی شیعە پرسیارێکی ئاراستەی نووسینگەی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق لەبارەی پاداشتی ئەو پزیشک و کارمەندە تەندروستییانەی تووشبووانی کۆرۆنا چارەسەر دەکەن.
ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی لە وەڵامدا رایگەیاندووە، چارەسەرکردن و چاودێریکردنی تووشبووانی کۆرۆنا ئەرک (واجبە) لەسەر ئەو کەسانەی توانایان هەیە و دەبێ دەسەڵاتداران هەموو رێکارێکی خۆپارێزییان بۆ دابین بکەن.
مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق پێی وایە ئەو خزمەتەی پزیشک و کارمەندان بە تووشبووانی کۆرۆنا دەیکەن لە شەڕکردن لەپێناو خوا (جیهاد) نزیکە.
ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی داوای لە خوای گورە کردووە ئەو پزیشکو کارمەندە تەندروستییانەی لەکاتی چارەسەرکردنی تووشبووانی کۆرۆنا گیان لەدەست دەدەن، بە پلەی شەهید بیانخاتە بەهەشتی خۆیەوە.
بەپێی دوایین ئامار، تا ئێستا 96 کەس لە عێراق و 37 هەرێمی کوردستان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەشدا، 10 کەس لە عێراق و کەسێک لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەست داوە.
باسنیوز