چوار كوتلە رێگا نادەن عەدنان زەرفی ببێتە سەرۆکی حکوومەت
چوار لایەنی عێراقی دژایەتیی خۆیان بۆ راسپاردنی زەرفی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، راگەیاند.
ئەمڕۆ سێشەممە 17-3-2020، میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردووەتەوە، لایەنە شیعییەکان لەسەر سێ ناویان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران دیاری کردووە، کە بریتین لە عەدنان زەرفی، نەعیم سوهەیل و محەمەد شیاع سودانی.
ئەو سەرچاوە عێراقییانە ئاماژەیان بەوە کردووە، کە هەرسێ لایەنی هاوپەیمانیی دەوڵەتی قانون، کە نوری مالیی سەرۆکایەتی دەکات، میلیشیای بەدر، کە گەورەترین میلیشیای حەشدی شەعبییە، لەگەڵ کوتلەی سادیقون لە پەرلەمانی عێراق، دژایەتیی خۆیان بۆ راسپاردنی زەرفی راگەیاندووە.
هەروەها مەحمود روبەیعی، سەرکردە لە میلیشیای عەسایب ئەهلی حەق رایگەیاندووە، رێگا نادەن عەدنان زەرفی ببێتە سەرۆکی حکوومەت، چونکە ”رۆڵەی ئەمریکایە“.
دوای دەست لەکار کێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی و شکستهێنانی محەمەد تۆفیق عەللاوی لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، لایەنە شیعییەکان لێژنەیەکی حەوت کەسیان بۆ دیاریکردنی کاندیدی ئەو پۆستە، دروست کرد.
بڕیاربوو رۆژی یەکشەممە 1-3-2020، پەرلەمانی عێراق کۆ ببێتەوە و دەنگ بە کابینەکەی محەمەد تۆفیق عەللاوی بدات، کە شەوی شەممە 1-2-2020، لەلایەن سەرکۆماری عێراق بۆ پێکهێنانی حکوومەتی کاتیی وڵاتەکەی راسپێردرا، بەڵام بەهۆی پەراوێزخستنی کورد و سوننە، فراکسیۆنە کوردستانییەکان و هاوپەیمانیی هێزە عێراقییەکان بەشداریی کۆبوونەوەکەیان نەکرد و شکستی هێنا.
بەپێی دەستووری عێراق، دەبوایە سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو لە ماوەی 30 رۆژدا کابینەکەی پێک بهێنێت و بیخاتە بەردەم پەرلەمان، بەڵام عەللاوی نەیتوانی کابینەکەی پێک بهێنێت و درەنگانی شەوی یەکشەممە 1-3-2020، شکستهێنانی خۆی راگەیاند.
عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.
دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.
خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و بێکاریی گەنجان، دەستیان پێکرد.
بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 600 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.
باسنیوز