حەکیم لە لێژنەی دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکشێتەوە
ئەمڕۆ دووشەممە 16-3-2020، عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە لە بەیاننامەیەکدا، رایگەیاندووە، لێژنە حەوت کەسییەکە بەرژەوەندیی عێراق لەبەرچاو ناگرن و رەچاوی بارودۆخی ئێستای وڵات ناکەن.
عەممار حەکیم بە ئاماژەکردن بە کشانەوەی خۆی لە لێژنەکە، رایگەیاندووە، بڕیاری داوە لە دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق هیچ هەڵوێستێکی نەبێ.
سەرۆکی رەوتی حیکمە داواشی کردووە تەنیا دوو ئەرک بە سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق بسپێردرێت، کە بریتین لە گەڕاندنەوەی شکۆی دەوڵەت و ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە.
پێشتریش نەبیل تەرفی، سەرۆکی هاوپەیمانیی سائیرون، کە موقتەدا سەدر رێبەرایەتیی هاوپەیمانییەکە دەکات، سڕکردنی ئەندامێتیی خۆی لە لێژنە حەوت کەسییەکە، راگەیاندبوو.
دوای دەست لەکار کێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی و شکستهێنانی محەمەد تۆفیق عەللاوی لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، لایەنە شیعییەکان لێژنەیەکی حەوت کەسیان بۆ دیاریکردنی کاندیدی ئەو پۆستە، دروست کرد.
بڕیاربوو رۆژی یەکشەممە 1-3-2020، پەرلەمانی عێراق کۆ ببێتەوە و دەنگ بە کابینەکەی محەمەد تۆفیق عەللاوی بدات، کە شەوی شەممە 1-2-2020، لەلایەن سەرکۆماری عێراق بۆ پێکهێنانی حکوومەتی کاتیی وڵاتەکەی راسپێردرا، بەڵام بەهۆی پەراوێزخستنی کورد و سوننە، فراکسیۆنە کوردستانییەکان و هاوپەیمانیی هێزە عێراقییەکان بەشداریی کۆبوونەوەکەیان نەکرد و شکستی هێنا.
بەپێی دەستووری عێراق، دەبوایە سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو لە ماوەی 30 رۆژدا کابینەکەی پێک بهێنێت و بیخاتە بەردەم پەرلەمان، بەڵام عەللاوی نەیتوانی کابینەکەی پێک بهێنێت و درەنگانی شەوی یەکشەممە 1-3-2020، شکستهێنانی خۆی راگەیاند.
عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.
دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.
خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و بێکاریی گەنجان، دەستیان پێکرد.
بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 600 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.
باسنيوز