ئەمریکا روونکردنەوە لەبارەی ”جێگیرکردنی هێز لە کەرکووک و مووسڵ“ دەدات
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) روونکردنەوە لەبارەی ئەو دەنگۆیانە دەدات،کە باس لە جێگیرکردنی هێزە ئەمریکیییەکان لە کەرکووک و رۆژئاوای مووسل، دەکەن.
بەرپرسێکی پنتاگۆن بەبێ ئاشکراکردنی ناوەکەی، بە کەناڵی (ئەلحوڕە)ی راگەیاندووە، هیچ پلانێکی فەرمی نییە بۆ جێگیرکردن هێز لەو ناوچانە.
ئەو بەرپرسە رەتی کردووەتەوە وڵاتەکەی نیازی هەبێ هێز لە کەرکووک و رۆژئاوای مووسڵ جێگیر بکات.
پێشتر پەرلەمانی عێراق لە رۆژی 5-1-2020، بەهۆی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، بەبێ ئامادەبوونی نوێنەرانی کورد و سوننە، بڕیاری دەرکردنی هێزە بیانییەکانی لە عێراق، پەسەند کرد.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.
بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.
باسنیوز