وەزیری دارایی عێراق: دابەشکردنی مووچە بەردەوام دەبێت

وەزیری دارایی عێراق: دابەشکردنی مووچە بەردەوام دەبێت
جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری ئابووری و وەزیری دارایی عێراق رایدەگەیەنێت، کە دابەشکردنی مووچە بەردەوام دەبێت.

بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی دارایی، ئەمڕۆ یەکشەممە 15-3-2020 فوئاد حوسێن، وەزیری دارایی لەگەڵ پارێزگاری بانکی ناوەندی و ژمارەیەک بەرپرسی دارایی عێراق کۆ بووەتەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا، تاوتوێی دوایین پەرەسەندنەکان بەتایبەت دابەزینی نرخی نەوتی جیهانی بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتانی جیهان و دابەشکردنی مووچە، کراوە.

هەروەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە، فوئاد حوسێن دڵنیایی داوەتە مووچەخۆران و خانەنشینان و رایگەیاندووە، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە دابینکردنی پارەی پێویست بۆ دابەشکردنی مووچە و پشتگیریکردنی خەرجییەکانی وەزارەتی تەندروستی بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، کراوەتەوە.

هەر لە بەیاننامەکەدا هاتووە، وەزارەتی دارایی هەژمارێکی بانکی دەکاتەوە بۆ ئەوەی بانکەکان، کۆمپانیاکان و دەستە تایبەت و حکوومییەکان هاوکاریی خۆیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، بخەنە سەر ئەو هەژمارە.

لە بەیاننامەکەدا، وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەش کردووە، کە بانکی عێراقی بۆ بازرگانی بڕیاری هاوکاریکردنی وەزارەتی تەندروستی بە پێنج ملیۆن دۆلار داوە و بانکی رەشیدیش بۆ هەمان مەبەست سێ ملیۆن دۆلاری داوە.










باسنيوز

Top