ئەمەریكا هێزی هەڵۆی تۆقێنەرەكان رەوانەی عێراق دەكات

ئەمەریكا هێزی هەڵۆی تۆقێنەرەكان رەوانەی عێراق دەكات
ئاژانسی هەواڵی سپۆتنیكی رووسی لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەكی عێراقی كە ناسنامەكەیان ئاشكرا نەكرد، بڵاویكردەوە، هێزە ئاسمانییە هێرشبەرەكانی ئەمەریكا ناسراو بە "هەڵۆ تۆقێنەرەكان" بە یاوەری هێزێكی مارێنز بەرەو عێراق لەڕێگەن.

ئاژانسەكە ئاماژەی بەوەشدا، ئەو هێزە كە تاكە هێزی لەمجۆرەیە لە سەرانسەری جیهان و بە "فیرقەی 101" ناسراوە، ئاڵوگۆڕی بە شوێنی ئەو هێزانە دەكەن كە ئێستا لە عێراقن، ئەمەش دوای ئەو گرژیانەی بەم دواییە بەهۆی مووشەكبارانكردنی بنكەی سەربازی تاجی لە باكووری بەغدا، كە لەلایەن هێزە ئەمەریكییەكانەوە بەكاردەهێنرێت، هاتوونەتە ئاراوە.

هەرچەندە ئاژانسە رووسییەكە ئاشكرای نەكرد ئاخۆ هێزە ئەمەریكییەكە لە كوێی عێراق جێگیر دەبێت، بەڵام وەك رایگەیاند، "هێزێكی پیادەی "مارێنز" یاوەری ئەو هێزە ئاسمانییە دەكات و لە یەك شوێن جێگیر دەكرێن".

جێگای ئاماژەپێدانە، ئەو هێزە بە ناوی "هەڵۆ تۆقێنەرەكان"ـیش دەناسرێت و پێشتریش ئەمەریكا ئەو هێزەی لە جەنگی كەنداو لە دژی عێراق بەكارهێناوە.

وەك راشگەیەندراوە، ئەمەریكا ئەفسەرێكی سوپای عێراق بە پلەی لیوا لە هێرشە مووشەكییەكانی سەر بنكەی سەربازی تاجی تۆمەتبار كردووە و داواشی لە عێراق كردووە، لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو ئەفسەرەدا بكات، چونكە وەك رایگەیاندووە، ئەو ئەفسەرە عێراقییە هاوكاری گواستنەوەی ئەو سەكۆ مووشەكیانەی كردووە، كە هێزی هاوپەیمانانی پێكراوەتە ئامانج.

هەروەها ئەمەریكا پەنجەی تۆمەتی مووشەكبارانكردنی ئەو بنكە سەربازییە بۆ گروپی نوجەبای سەر بە حەشدی شەعبی درێژدەكات و دووپاتیش دەكاتەوە، واشنتن سوورە لەسەر ئەوەی كە دەبێت ئەفسەرە تۆمەتبارەكە دەستگیربكرێت.



K24-
Top