عەمار حەکیم: دەبێت کۆتایی بە دۆخی حکومەتی کاربەڕێکەر بهێنرێت
رۆژی شەممە 14-03-2020 عەمار حەکیم دوای دیداری لەگەڵ جینین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "جەختمان کردەوە کە دەبێت سەرۆکوەزیرانی داهاتوو سەربەخۆ بێت و لایەنە سیاسییەکان و خۆپێشاندەران پاڵپشتیی بکەن".
عەمار حەکیم ئاماژە بەوە دەکات، "دەبێت سەرۆکوەزیرانی داهاتوو بتوانێت سەرپەرشتیی قۆناخی داهاتوو بکات کە بریتییە لە هەڵبژاردنی پێشوەخت و بەدەستهێنانەوەی شکۆی دەوڵەت".
ئەوە لە کاتێکدایە سێشەممەی داهاتوو وادەی دەستووری لەبەردەم سەرۆککۆمار بۆ راسپاردنی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق کۆتایی دێت، کەچی تاوەکو ئێستا لایەنە سیاسییەکان هیچ کەسایەتییەکیان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بەربژێر نەکردووە.