سێ تووشبووی کۆرۆنا لە کەرکووک و زیقار چاکبوونەتەوە
دکتۆر سەباح نامیق، بەڕێوەبەری بەشی تەندروستیی گشتی لە فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک راگەیاند، دوو تووشبووی کۆرۆنا چاکبوونەتەوە.
هاوکات تەندروستیی زیقار چاکبوونەوەی تووشبوویەکی کۆرۆنای راگەیاندووە و دەڵێ "پشکنینەکان دەریانخست یەکێک لە تووشبووانی کۆرۆنا بەتەواوی چاکبووەتەوە و ئەم ئێوارەیە نەخۆشخانەی جێهێشتووە".
تاوەکو ئێستا لە عێراق 83 کەس تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیە 19یان لە هەرێمی کوردستانن، بەپێی راگەیێندراوی تەندروستیی کەرکووک و زیقار بێت، ئێستا ژمارەی تووشبووان لە عێراق و هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 28 کەس، هەشت کەسیش گیانیان لەدەستداوە کە یەکێکیان لە شاری سلێمانی بووە.
رۆژی 24-2-2020 بۆ یەکەمجار تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق تۆمارکرا، بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوە و رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەش چەندین رێوشوێن لە عێراق و هەرێمی کوردستان گیراونەتەبەر، لەنێویاندا هەڵپەساردن و راگرتنی هاتووچۆی دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ کوێت و ئێران.
ڤایرۆسی کۆرۆنا چییە؟
ڤایرۆسی کۆرۆنا گروپێكی فراوانی ڤایرۆسەکانە، ساڵی 1960 لە مرۆڤدا دەستنیشانکرا، نیشانەکانی هاوشێوەی نیشانەی سەرمابوونن، بەڵام لە هەندێك کەسدا تووندترن و نەخۆشییەکی کوشندەیە.
تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا تووشی سەرئێشە، ئاولەلووتهاتن، کۆکە و تا، هەناسەتەنگی، ئازاری جەستە و لەرز دەبن.
سەنتەری کۆنترۆڵکردن و پێشگیریکردن لەبارەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەوە دەڵێت، ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نەخۆشێكەوە بۆ نەخۆشێكی دیکە لەڕێگەی کۆکە، پژمە و دەستلێدان دەگوازرێتەوە.