نۆ پەرلەمانتار لە هاوپەیمانیی نەسر دەكشێنەوە
بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی لە میدیاكان بڵاوكراونەتەوە، پەرلەمانتارانی كشاوە لە هاوپەیمانیی نەسر دەڵێن "لەسەر بنەمای ئەو رەوشە سەختەی عێراق پێیدا تێدەپەڕێت، ئەوەش لە ئەنجامی خراپ بەڕێوەبردنی وڵات بۆ ماوەی زیاتر لە 17 ساڵ و خۆپێشاندانی ئاشتییانەی گەنجان بۆ ئەنجامدانی چاكسازی كە چەندین كەسیان كوژراون و برینداربوون و نەخۆشی، قەیرانی ئابووری، دەستلەكاركێشانەوەی حكومەتی بەدواداهات، ئێمەی پەرلەمانتاران وەكو بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی و نیشتمانی پێكهێنانی گردبوونەوەی نیدای عێراقمان لە پەرلەمان راگەیاند".
پەرلەمانتارە کشاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، ئامانجی گرووپەکە راستكردنەوەی هەڵەكانی پێشووە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، هەریەك لە پەرلەمانتاران فەلاح خەفاجی، یوسف كیلابی، عەلا دلفی، ریاز تمیمی، ئیحسان سەلەبی، تەها دیفاعی، فالح زیادی، خەلیل مەولا و هنا توركی لە هاوپەیمانیی نەسر جیابوونەتەوە.
فالح زیادی، پەرلەمانتاری جیابووەوە لە هاوپەیمانیی نەسر جیابوونەوەکەی پشتڕاستکردەوە و گوتی "لە کاژێرەکانی داهاتوودا گوتەبێژی گرووپەکە وردەکاریی هەنگاوەکە رادەگەیێنێت".