میلیشیای حزبوڵای عێراق پیرۆزبایی لە ئەنجامدەرانی هێرشەكەی سەربازگەی تاجی كرد

میلیشیای حزبوڵای عێراق پیرۆزبایی لە ئەنجامدەرانی هێرشەكەی سەربازگەی تاجی كرد
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە میلیشیای حزبوڵای عێراقی كە باڵێكی حەشدی شەعبی عێراق و سەر بە ئێرانن، پیرۆزبایی لە ئەنجامدەرانی هێرشەكەی دوێنێ شەو بۆ سەر سەربازگەی تاجی لە بەغدا كرد و راشیگەیاند كاتی ئەوە هاتووە دەست بە جیهاد بكەنەوە لە دژی هێزە داگیركەرەكان.

دوابەدوای هێرشەكەی دوێنێ شەو لە ڕێگەی 10 مووشەكەوە بۆ سەر سەربازگەی تاجی، كە هێزە ئەمریكییەكانی تێدا نیشتەجێیە و لە ئەنجامدا دوو سەربازی ئەمریكی و سەربازێكی بەریتانی كوژران و چەند سەربازێكی تریش بریندار بوون، هێزەكانی هاوپەیمانان چەند سەربازگەیەكی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لەسەر سنووری سووریا و عێراق بۆردوومان كرد، وەكو تۆڵەسەندنەوەیەكی دەمودەست بۆ هێرشەكەی سەر سەربازگەی تاجی.

حزبوڵای عێراق لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە داوە "پێویستە هێزە داگیركەرەكان بەرگەی دەرەنجامی مانەوەی نایاساییان لەسەر خاكی عێراق بگرن، بە كەم زانینی خواست و كەرامەتی گەلی عێراق بە بێ نرخ تێناپەڕێت، شەریعەتە ئاسمانیەكان و یاسا نێودەوڵەتییەكانیش مافی بەرگرییان بە گەلان داوە لە دژی هێزە داگیركەرەكان".

حزبوڵا داوای لەو هێزە كردووە كە هێرشەكەیان ئەنجام داوە، خۆیان ئاشكرا بكەن، بۆ ئەوەی پشتیوانیان لێ بكەن و بەرگرییان لێ بكەن. پیرۆزباییشی لێ كردوون و دووپاتی كردووەتەوە كە كاتی دەستپێكردنی جیهادە لە دژی هێزە داگیركەرەكان.












باسنيوز

Top