ئەمریکا و ئێران لەسەر کەسێک بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەتی نوێی عێراق یەک دەنگن

ئەمریکا و ئێران لەسەر کەسێک بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەتی نوێی عێراق یەک دەنگن
بەرپرسێکی عێراقی باس لەوە دەکات، کە هەردوو وڵاتی ئەمریکا و ئێران لەسەر کەسایەتییەکی باڵای عێراق بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتیی حکوومەت، هاوهەڵوێستن.

بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)، بەرهەم ساڵحی سەرکۆماری عێراق تا رۆژی دووشەممە 16-3-2020، مۆڵەتی بە لایەنە شیعییەکان داوە بۆ ئەوەی لەسەر کاندیدێک بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەتی عێراق، رێک بکەون.

رۆژنامەکە لە زاری سەرچاوەیەکی سیاسیی باڵاوە بڵاوی کردووەتەوە، کە دوای تەواوبوونی ماوەی یاسایی لە رۆژی دووشەممەی داهاتوو، سەرکۆمار دەسەڵاتی ئەوەی هەیە کەسێک بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەت بەبێ گوێدانە کوتلەی براوە و زۆرینەی پەرلەمانی، کاندید بکات.

هەروەک ئەو سەرچاوەیە باسی کردووە، لایەنە شیعییەکان لێژنەیەکی حەوت کەسییان پێکهێناوە، کە نوێنەرایەتیی زۆرینەی لایەنە شیعییەکان دەکەن و کاری ئەو لێژنەیە دیاریکردنی کەسێکە بۆ ئەوەی سەرکۆمار بۆ پێکهێنانی حکوومەت، رایسپێرێت.

لە راپۆرتەکەدا، ئاماژە بە لێدوانێکی نەعیم عەبودی، پەرلەمانتاری کوتلەی سادیقون لە پەرلەمانی عێراق کراوە، کە تا ئێستا لایەنە شیعییەکان لەسەر کەسایەتییەک بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەتی عێراق رێک نەکەوتوون، بەڵام رێککەوتوون لەسەر ئەوەی کاری ئسەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق یەک ساڵ درێژە دەکێشێت و هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت.

ئەو سەرچاوەیەی لێدوانی بۆ شەرقولئەوسەت داوە، ئاماژەی بە رەزامەندیی هەردوو وڵاتی ئەمریکا و ئێران لەسەر دووبارە راسپاردنەوەی عادل عەبدولمەهدی، کردووە.

بڕیاربوو رۆژی یەکشەممە 1-3-2020، پەرلەمانی عێراق کۆ ببێتەوە و دەنگ بە کابینەکەی محەمەد تۆفیق عەللاوی بدات، کە شەوی شەممە 1-2-2020، لەلایەن سەرکۆماری عێراق بۆ پێکهێنانی حکوومەتی کاتیی وڵاتەکەی راسپێردرا، بەڵام بەهۆی پەراوێزخستنی کورد و سوننە، فراکسیۆنە کوردستانییەکان و هاوپەیمانیی هێزە عێراقییەکان بەشداریی کۆبوونەوەکەیان نەکرد و شکستی هێنا.

بەپێی دەستووری عێراق، دەبوایە سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو لە ماوەی 30 رۆژدا کابینەکەی پێک بهێنێت و بیخاتە بەردەم پەرلەمان، بەڵام عەللاوی نەیتوانی کابینەکەی پێک بهێنێت و درەنگانی شەوی یەکشەممە 1-3-2020، شکستهێنانی خۆی راگەیاند.

عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.

دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.

خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و بێکاریی گەنجان، دەستیان پێکرد.

بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 600 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.











باسنيوز


Top