ئاژانسێکی ڕووسی: دە پەرلەمانتاری عێراقی تووشی کۆرۆنا بوون

ئاژانسێکی ڕووسی: دە پەرلەمانتاری عێراقی تووشی کۆرۆنا بوون
ئاژانسێکی ڕووسی تووشبوونی ١٠ ئەندامی پەرلەمانی عێراقی بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید - ١٩)، ڕاگەیاند.

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی (سپۆتنیک)ی ڕووسی، دە ئەندامی پەرلەمانی عێراق پشکنینی تاقیگەییان لە تاقیگەی تەندروستیی ناوەندی لە پارێزگای بەغدا بۆ کراوە و ئەنجامەکانیان پۆزەتیڤ بووە و تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.

هەمان ئاژانس لە زاری پەرلەمانتارێکەوە بڵاوی کردووەتەوە کە بەشێک لەوانەی تووشی کۆرۆنا بوون، پەرلەمانتاری نزیک لە میلیشیا و کەسایەتییە شیعییەکانی سەر بە ئێرانن.

ئەمە لە کاتێکدایە کە تاوەکوو ئێستا هیچ بەیاننامەیەکی فەرمی لە بارەی تووشبوونی ئەو پەرلەمانتارانە یان ڕەتکردنەوەی زانیارییەکانی ئاژانسە ڕووسییەکەوە بڵاو نەکراوەتەوە.

تا ئێستا لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ٧٠ حاڵەتی تووشبوون بە کۆرۆنا تۆمار کراوە کە ١٣ حاڵەتیان لە هەرێمی کوردستانە و تائێستاش ٦ کەس لە تەواوی عێراقدا بەم هۆیەوە گیانیان لە دەست داوە کە یەکێکیان لە پارێزگای سلێمانییە.











باسنيوز

Top