ئاژانسێکی ڕووسی: دە پەرلەمانتاری عێراقی تووشی کۆرۆنا بوون
بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی (سپۆتنیک)ی ڕووسی، دە ئەندامی پەرلەمانی عێراق پشکنینی تاقیگەییان لە تاقیگەی تەندروستیی ناوەندی لە پارێزگای بەغدا بۆ کراوە و ئەنجامەکانیان پۆزەتیڤ بووە و تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.
هەمان ئاژانس لە زاری پەرلەمانتارێکەوە بڵاوی کردووەتەوە کە بەشێک لەوانەی تووشی کۆرۆنا بوون، پەرلەمانتاری نزیک لە میلیشیا و کەسایەتییە شیعییەکانی سەر بە ئێرانن.
ئەمە لە کاتێکدایە کە تاوەکوو ئێستا هیچ بەیاننامەیەکی فەرمی لە بارەی تووشبوونی ئەو پەرلەمانتارانە یان ڕەتکردنەوەی زانیارییەکانی ئاژانسە ڕووسییەکەوە بڵاو نەکراوەتەوە.
تا ئێستا لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ٧٠ حاڵەتی تووشبوون بە کۆرۆنا تۆمار کراوە کە ١٣ حاڵەتیان لە هەرێمی کوردستانە و تائێستاش ٦ کەس لە تەواوی عێراقدا بەم هۆیەوە گیانیان لە دەست داوە کە یەکێکیان لە پارێزگای سلێمانییە.
باسنيوز