لیستی کاندیدانی پۆستی سەرۆک وەزیران بۆ دو کەس کەمکراوەتەوە
رۆژنامەی عەرەبی جەدید لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، ئێوارەی رۆژی هەینی بەشێکی زۆری لایەنە سیاسییەکان لە گفتوگۆکانیاندا گەیشتونەتە جۆرێک لە رێککەوتن و بەشێك لە کاندیدەکانیش کە ناویان دەهێنرا بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دورخراونەتەوە، لە ئێستاشدا مستەفا کازمی، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری عێراق و عەلی شوکری، راوێژکاری سەرۆک کۆماری عێراق وەک کاندید بۆ ئەو پۆستە ماونەتەوە.
ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی ئێران رۆژی شەممە بە ئامانجی نێوەندگری لەنێوان هێزە سیاسییەکانی عێراق سەردانی بەغدای کردوە
سەرچاوەیەکی ئاگاداریش بە رۆژنامەکەی راگەیاندوە، "هەفتەی داهاتو دوایین وادەیە بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆک وەزیران، لەبەر ئەو هۆکارەش عەلی شەمخانی، ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی ئێران رۆژی شەممە بە ئامانجی نێوەندگری لەنێوان هێزە سیاسییەکانی عێراق سەردانی بەغدای کردوە".
17ی ئەم مانگە، ئەو وادەیە کۆتایی دێت کە لەبەردەم لایەنەکاندایە بۆ یەکلاکردنەوەی کاندیدی سەرۆک وەزیران، لایەنەکانیش لەبارەی ماددەی 81ی دەستور کە تایبەتە بە چۆڵبونی کورسی سەرۆک وەزیران شیکردنەوەی جیاوازیان هەیە، کە پەیوەستە بە وەرگرتنی بەرپرسیاریەتی دەسەڵاتی جێبەجێکردن لەلایەن سەرۆک کۆماری عێراق، لەو روەوە شارەزایانی یاسایی خاوەن یەک روانگەی هاوبەش نین.
بەشێک لە شارەزایانی دەستوری پێییانوایە، دوای چۆڵبونی پۆستی سەرۆک وەزیران، یەکێک لە جێگرەکانی دەتوانن جێگەی بگرنەوە
بەشێک لە شارەزایانی دەستوری پێییانوایە، دوای چۆڵبونی پۆستی سەرۆک وەزیران، یەکێک لە جێگرەکانی دەتوانن جێگەی بگرنەوە، بەشێکی دیکەشیان دەڵێن، بەشێوەیەکی کاتی ئەرکی دەسەڵاتی جێبەجێکردن رادەستی سەرۆک کۆمار دەکرێت، بە تایبەت ئەگەر پۆستی سەرۆک وەزیران لەبەر هەرهۆکارێک چۆڵبو یان وادە دەستورییەکان بەبێ چارەسەر کۆتاییان هات.
ئەوە یەکەم هەوڵ نیە بۆ دیاریکردنی شوێنگرەوە عادل عەبدولمەهدی دوای ئەوەی سەرەتای مانگی (کانونی یەکەم/12)ی ساڵی رابردو نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی لە پەرلەمان پەسەندکرا، یەکی ئەم مانگەش محەمەد تۆفیق عەلاوی دوای مانگێک لە راسپاردنی لە پێکهێنانی کابینەی نوێ کشایەوە و داوای لێبوردنی لە سەرۆک بەرهەم کرد کە رایسپاردبو.
لە ئیستادا باس لە مستەفا کازمی و عەلی شوکری دەکرێت وەک کاندیدی جێگرەوە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، کە هەریەکەیان لایەنێکی دیار پشتیوانیان دەکات
لەبارەی هەڵوێستی لایەنەکان، سەرچاوەیەکی رەوتی سەدر بە عەرەبی جەدید راگەیاندوە، لە ئیستادا باس لە مستەفا کازمی و عەلی شوکری دەکرێت وەک کاندیدی جێگرەوە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، کە هەریەکەیان لایەنێکی دیار پشتیوانیان دەکات، "لایەنەکانیش جەختیانکردوەتەوە هیچ لاریبونێکیان لەسەر ئەو دو کەسایەتییە نیە".
باسی لەوەشکردوە، رەوتەکەیان لاری لەسەر هیچ کام لەو دو کاندیدە نیە و چاوەڕوانی رێککەوتنی سیاسی لەبارەیانەوە دەکات، "ناکۆکی ناوماڵی شیعە یەکێکە لە هۆکارەکانی دواکەوتنی ئەو پرسە".
لایەنەکان لە کۆبونەوەکانیاندا رێککەوتون کە کەسایەتییەکی بێلایەن کە بتوانێت بە یەک ئاست لە هەمو لایەن و پێکهاتەکان نزیک بێت کاندیدبکەن
هاوکات سەعد مەتڵەبی، یەکێک لە سەرکردەکانی دەوڵەتی یاسا ئاشکرایکردوە، لایەنەکان لە کۆبونەوەکانیاندا رێککەوتون کە "کەسایەتییەکی بێلایەن" کە بتوانێت بە یەک ئاست لە هەمو لایەن و پێکهاتەکان نزیک بێت کاندیدبکەن، ئەوەش بە ئامانجی ئەوەی هەمان سیناریۆی محەمەد عەلاوی لە پەرلەماندا دوبارە نەبێتەوە.
فازڵ فەتلاوی، ئەندامی هاوپەیمانی فەتح لە پەرلەمانی عێراق ئەوەی خستوەتەڕو، هەرچەندە تا ئێستا لایەنەکان لەسەر کاندیدێک بۆ سەرۆکایەتی حکومەتی کاتی رێککنەکەوتون، بەڵام فراکسیۆنەکان باوەڕیان وایە پێویستە کاندیدی سەرۆک وەزیران کەسایەتییەکی سیاسی بێت و ئەزمونی لەگەڵ دۆخی وڵاتدا هەبێت.
هێزە سیاسییەکان بەدوای کەسێکدا دەگەڕێن کە سیاسییەکی سەربەخۆبێت
هاوکات محەمەد تەمیمی، شیکەرەوەی سیاسی بە رۆژنامەکەی راگەیاندوە، هێزە سیاسییەکان بەدوای کەسێکدا دەگەڕێن کە سیاسییەکی سەربەخۆبێت، چونکە ترسیان هەیە ئەو پۆستە بۆ لایەنێک لە دەرەوەی خۆیان "تەبەقەی سیاسی" بچێتەدەوەرە.
رونیشیکردەوە، "ترسی لایەنەکان لە کاندیدێک لە دەرەوەی خۆیان لەبەر ئەوەیە ترسیان هەیە دۆسیەی پەیوەست بە گەندەڵی گەورە و مەترسیدار لە دژیان بجوڵێنێت، کە لە ماوەی چەند ساڵی رابردودا ئەنجامیانداوە و سیاسییەکان بەرامبەر یەکتر چاوپۆشیانکردوە".
خەندان