سەرۆککۆماری عێراق نامەیەکی لە عەبدولفەتاح سیسییەوە پێدەگات

سەرۆککۆماری عێراق نامەیەکی لە عەبدولفەتاح سیسییەوە پێدەگات
وەزیری دەرەوەی میسر لە بەغدا لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراق کۆبووەوە و نامەیەکی سەرۆکی وڵاتەکەیی رادەستکرد کە تایبەت بوو بە پرسی پشکە ئاوییەکانی میسر لە بەنداوی نەهزە.

به‌رهه‌م ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق ئه‌مڕۆ یەکشه‌ممه‌ 8-3-2020 لە کۆشکی سەلام لە بەغدا لەگەڵ سامح شوکری، وەزیری دەرەوەی میسر کۆبووەوە کە نامەیەکی لە عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆککۆماری میسرەوە گەیاندە سەرۆککۆمار کە تایبەتبوو بە پشکە ئاوییەکانی میسر لە بەنداوی نەهزە، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پێشهاتەکانی ناوچەکە و جیهان لە چوارچێوەی هەماهەنگی و راوێژکردنی بەردەوامیی نێوان هەردوو وڵات.

بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، لە دیدارەکەدا سەرۆککۆمار ئاماژەی بە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان عێراق و میسر، سووربوون لەسەر فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاری لە بوارە جیاوازەکان کردەوە، هەروەها جەختیشیکردەوە لەسەر پشتیوانیی عێراق بۆ کۆماری میسری عەرەبی لە هەوڵەکانی بۆ پاراستنی پشکی ئاوی سەبارەت بە پرسی بەنداوی نەهزە لەسەر بنەمای یاسای نێودەوڵەتی، بەجۆرێک کە زیان بە بەرژەوەندییەکانی میسر و ئاسایشی ئاوی نەگەیەنێت.

هەر لە دیدارەکەدا، سەرۆککۆمار جەختیکردەوە لە پێویستیی هاریکاریی هاوبەشی نێوان "وڵاتانی برا و دۆست، لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و وشککردنی سەرچاوەکانی کە دەبێتە هۆکاری بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکەدا".

وەزیری دەرەوەی میسر رێز و سڵاوی سەرۆکی وڵاتەکەیی گەیاندە بەرهەم ساڵح کە "هیوای سەقامگیری و ئارامی بۆ گەلی عێراق خواست و دووپاتیشی لە پشتیوانیکردنی وڵاتەکەی بۆ عێراق کردەوە".

سامح شوکری ئاماژەی بە خواستی راستەقینەی میسر لە بەردەوامی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و زیادکردنی قەبارەی هاریکاری و راوێژکردنی کردەوە، بەجۆرێک کە خزمەتی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات.
Top