دوو کەس لە دوو پارێزگای عێراقدا بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەست دا
ئەمڕۆ یەکشەممە ٨ی ئاداری ٢٠٢٠، فەرمانگەی تەندروستیی پارێزگای میسان ئاشکرای کرد، یەکێک لە تووشبوانی کۆرۆنا کاتژمێرێک دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانەی (سەدر)ی فێرکاری لە پارێزگای میسان، کۆچی دوایی کردووە. ڕوونیشی کردووەتەوە کە ئەو کەسە کاتژمێر ١ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ گەیەندراوەتە نەخۆشخانەکە و لە دۆخێکی تەندروستیی زۆر خراپدا بووە و گەلێک درەنگ گەیەندراوەتە نەخۆشخانەکە.
هاوکات ئاشکرا کراوە کە پاش ئەوەی گومانیان کردووە ئەو کەسە هەڵگری کۆرۆنا بێت، لە لایەن تیمێکی پزیشکییەوە ڕێوشوێنی چارەسەریی بەپەلەی بۆ کراوە، بەڵام نەتواندراوە ڕزگار بکرێت.
ئەو کەسەی لە میسان گیانی لەدەست داوە، پێشتر سەردانی ئێرانی کردووە و ڕۆژی ٢٧ی شوباتی رابردوو لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداوە گەڕاوەتەوە عێراق.
لە لایەکی دیکەوە هەر ئەمڕۆ، سەرچاوەیەکی پزیشکی لە پارێزگای بابلی عێراق ئاشکرای کردووە، پیاوێک کە تەمەنی لە سەرووی ٧٠ ساڵانەوە بووە، لە نەخۆشخانەیەکی ناوەڕاستی شاری (حلە) خەوێندراوە بەهۆی ئەوەی تووشی کۆرۆنا بووە، بەیانیی ئەمڕۆ کۆچی دوایی کردووە.
ئەوەش ڕوون کراوەتەوە کە ئەو کەسە خۆی نەخۆشیی درێژخایەنی هەبووە و بەدەستیەوە ناڵاندوویەتی.
تائێستا لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا بە فەرمی ٥٤ حاڵەتی تووشبوون بە کۆرۆنا راگەیاندراوە کە لە ئەنجامدا بە فەرمی ٤ حاڵەتی مردن ئاشکرا کراوە. هاوکات ژمارەیەکی بەرچاوی تووشبوانیش چاکبوونەتەوە.
باسنيوز