سێ کەسی دیکە لە عێراق تووشی کۆرۆنا بوون
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، دوو کەس لەو تووشبووانە خەڵکی دیالەن، ئەوی دیکەشیان خەڵکی نەجەفە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کرۆرنا لە عێراق بۆ 32 کەس بوون، بەم سێ تووشبووەوە ئێستا لە عێراق 35 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون.
تووشبووەکان لە بەغدا، واست، نەجەف و کەربەلا و دیالە تۆمارکراون، د. سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق دەڵێت "دۆخی تەندروستیی تووشبووەکان جێگیرە".
رۆژی دووشەممە 24-2-2020 یەکەم تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق دەستنیشانکرا. رۆژی چوارشەممە 26-2-2020 حکومەتی عێراق بڕیاری راگرتنی خوێندنی لە ناوەندەکانی خوێندن بۆ ماوەی 10 رۆژ دا و گەشتیشی لە هاووڵاتییانی عێراقی بۆ نۆ وڵات قەدەخەکرد کە هەریەکە لە وڵاتانی چین، ئێران، یابان، کۆریای باشوور، تایلەند، سەنگافورە، کوێت، بەحرەین و ئیتاڵیا بوون.
تاوەکو ئێستا لە جیهاندا 94 هەزار و 250 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و سێ هەزار و 214 کەس بەوهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە؛ هاوکات 51 هەزار و 38 کەسیش چاکبوونەتەوە.