بهرپرسی دهزگای ههڵبژاردنی پارتی: رەنگە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق ئەنجام بدرێت
خهسرهو گۆران، بهرپرسی دهزگای ههڵبژاردنهكانی پارتی رايگەیاند، بەپێی دەستوور دەبێ سەرکۆمار لەماوەی 15 رۆژدا کەسێک بۆ پێکهێنانی حکوومەت رابسپێرێت، بەڵام ”زەحمەتە لەو ماوەیەدا کەسێک رابسپێردرێ“، چونکە دەبێ ئەو کەسە رەزامەندیی خۆپیشاندەران و پێکهاتەکانی عێراقی لەسەر بێت.
خەسرۆ گۆران پێی وایە ئەگەر لەو ماوە دەستوورییەدا کەسێک بۆ پێکهێنانی حکوومەتی کاتیی عێراق رانەسپێردرێ، ئەوا دەبێ هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێ.
ئەو بەرپرسەی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەگەر بڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە درا، دەبێ دوو بابەت یەکلایی بکرێتەوە، کە بریتین لە؛
- دهستهی بهرێوهبردنی كۆمسیۆن یهكلا ببێتهوە، چونكه حاكمهكان نوێن و شارهزاییان نییه.
- دەبێ بزانرێ هەڵبژاردن لەسەر ئاستی پارێزگاکان دەکرێ یان شارۆچکەکان.
لەبارەی هەڵوێستی پارتی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، کە خاوەنی 25 کورسیی پەرلەمانی عێراق، خەسرۆ گۆران رایگەیاند، پارتی لەگەڵ هەڵبژاردنی پێشوەختە نییە، بەڵام ئەگەر بە تێکڕای دەنگی پەرلەمانتارانی عێراق ئەو بڕیارە بدرێ، پارتیش رازی دەبێت.
بڕیاربوو رۆژی یەکشەممە 1-3-2020، پەرلەمانی عێراق کۆ ببێتەوە و دەنگ بە کابینەکەی عەللاوی بدات، بەڵام بەهۆی پەراوێزخستنی کورد و سوننە، فراکسیۆنە کوردستانییەکان و هاوپەیمانیی هێزە عێراقییەکان بەشداریی کۆبوونەوەکەیان نەکرد و شکستی هێنا.
بەپێی دەستووری عێراق، دەبوایە سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو لە ماوەی 30 رۆژدا کابینەکەی پێک بهێنێت و بیخاتە بەردەم پەرلەمان، بەڵام عەللاوی نەیتوانی کابینەکەی پێک بهێنێت و درەنگانی شەوی یەکشەممە 1-3-2020، شکستهێنانی خۆی راگەیاند.
شەوی شەممە 1-2-2020، سەرکۆماری عێراق، محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی کاتیی وڵاتەکەی راسپارد، تاوەکو شوێنی عادل عەبدولمەهدی بگرێتەوە.
عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.
دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.
خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و بێکاریی گەنجان، دەستیان پێکرد.
بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 600 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.
باسنيوز