ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆبوونەوەیەک لەبارەی رەوشی عێراق ساز دەکات
بڕیارە کۆبوونەوەکە کاتژمێر 10ـی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 3-3-2020 بە کاتی نیویۆرک (کاتژمێر 6ـی ئێوارە بە کاتی هەولێر)، ساز بکرێ.
لەو کۆبوونەوەیەدا، جێنین هێنس پلاسخارت، سەرۆکی نێردەی تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق (یۆنامی)، راپۆرتێک لەبارەی دوا پەرەسەندنەکانی عێراق، پێشکەش دەکات.
عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.
دوای دوو مانگ، شەوی شەممە 1-2-2020، سەرکۆماری عێراق، محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی کاتیی وڵاتەکەی راسپارد، تاوەکو شوێنی عادل عەبدولمەهدی بگرێتەوە.
محەمەد عەللاوی لەو مانگەی بەپێی دەستوور مۆڵەتی هەبوو کابینەکەی رابگەیەنێت، نەیتوانی هەموو لایەن و پێکهاتەکانی عێراق رازی بکات و شەوی یەکشەممە 1-3-2020، شکستهێنان و کشانەوەی خۆی راگەیاند.
دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.
خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و بێکاریی گەنجان، دەستیان پێکرد.
بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 600 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.
باسنيوز