راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق "تاکە چارەسەر" بۆ تێپەڕاندنی بودجە ئاشکرا دەکات
مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، گەڕانەوەی پرۆژەیاسای بودجە بۆ چوارگۆشەی یەکەم تاکە چارەسەرە بۆ ئەوەی پەسند بکرێت، کورتهێنانی بودجە بە نەشتەرگەریی دارایی نەبێت، چارەسەر نابێت و پێویستی بە قوربانیدانە.
مەزهەر محەممەد ساڵح پێیوایە، پەرلەمان ئەرکێکی لەسەرە ئەویش پێداچوونەوەیە بەو یاسایانەی کە لە 2003ـوە تاوەکو ئەمڕۆ دەرچوون کە کەڵەکەی گەورەی داراییان دروست کردوون و ناتوانرێت گۆڕانکارییان تێدا بکرێت.
راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەگەر دووبارە پێداچوونەوە بە پەیکەری بودجەدا نەکرێت و چارەسەری بۆ نەدۆزرێتەوە، ئەوا ئەگەری هەیە ئەمساڵ پرۆژە یاسای بودجە تێنەپەڕێت، وەبەرهێنانەکانی ئێستا بمێنێتەوە لەگەڵ خەرجیی بەکاربردن و تەنیا پشت بە قەبارەی هەناردەکردنی نەوت ببەسترێت.
هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، کورتهێنانی بودجە 50 تریلیۆ دیناری تێپەڕاندووە، هیچ قەرەبووی ئەم کورتهێنانە ناکرێتەوە جگە لە پەنابردن بۆ قەواڵەی دارایی و بەرگەی قەرزی دیکە ناگیردرێت.