چەکدارێکی داعش بەهۆی دەستدرێژیکردنە سەر کچێکی ئێزدی لەسێدارە دەدرێت

چەکدارێکی داعش بەهۆی دەستدرێژیکردنە سەر کچێکی ئێزدی لەسێدارە دەدرێت
سزای لەسێدارەدان بۆ چەکدارێکی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بەهۆی دەستدرێژیکردنە سەر کچێکی ئێزدی، دەردەچێت.

ئەمڕۆ دووشەممە 2-3-2020، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، دادگای تاوانەکان لە ناوچەی کەرخی بەغدا سزای لەسێدارەدانی بەسەر ئەبو هومام، چەکداری دەستگیرکراوی داعشدا سەپاندووە.

هەروەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە، داعش وەک خەڵاتێک بۆ ئەبو هومام، کە لە شەڕەکانی ئەو رێکخراوە بیرندار بووە، کچێکی کوردی ئێزدی پێداوە و ئەویش دەستدرێژی کردووەتە سەری.

دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی شاری شنگال لەلایەن داعشەوە، چەکدارانی ئەو رێکخراوە تیرۆریستیی سەدان ژن و کچی کوردی ئێزدییان وەک دەستکەوتی شەڕ، رفاند.

لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر شاری مووسڵ و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.












باسنيوز


Top