عەللاوی بەڵێنی 10 وەزارەتی بە لایەنێک دابوو
سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی شکستخواردووی عێراق بەڵێنی 10 وەزارەتی بە هاوپەیمانیی هێزە عێراقییەکان، دابوو.
ئەمڕۆ دووشەممە 2-3-2020، یەحیا محەمەدی، پەرلەمانتاری هێزە عێراقییەکان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، محەمەد عەللاوی لەڕێگای نێوەندگیرێکی شیعەوە، بەڵێنی پێدانی 10 وەزارەتی بە سوننە، دابوو.
یەحیا محەمەدی هەروەها رایگەیاندووە، محەمەد عەللاوی ویستوویەتی هاوپەیمانیی هێزە عێراقییەکان رازی بکات بە دەنگدان بە کابینەکەی بەبێ بەشداریی لایەنە کوردستانییەکان، بەڵام ئەو هاوپەیمانیە ئەو بەڵێنەی عەللاوی رەت کردووەتەوە.
هاوپەیمانیی هێزە عێراقییەکان بەهێزترین هاوپەیمانیی سوننەکانە و محەمەد حەلبوسیی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، سەرۆکایەتی دەکات.
بڕیاربوو رۆژی یەکشەممە 1-3-2020، پەرلەمانی عێراق کۆ ببێتەوە و دەنگ بە کابینەکەی عەللاوی بدات، بەڵام بەهۆی پەراوێزخستنی کورد و سوننە، فراکسیۆنە کوردستانییەکان و هاوپەیمانیی هێزە عێراقییەکان بەشداریی کۆبوونەوەکەیان نەکرد و شکستی هێنا.
بەپێی دەستووری عێراق، دەبوایە سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو لە ماوەی 30 رۆژدا کابینەکەی پێک بهێنێت و بیخاتە بەردەم پەرلەمان، بەڵام عەللاوی نەیتوانی کابینەکەی پێک بهێنێت و درەنگانی شەوی یەکشەممە 1-3-2020، شکستهێنانی خۆی راگەیاند.
شەوی شەممە 1-2-2020، سەرکۆماری عێراق، محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی کاتیی وڵاتەکەی راسپارد، تاوەکو شوێنی عادل عەبدولمەهدی بگرێتەوە.
عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.
دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.
خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و بێکاریی گەنجان، دەستیان پێکرد.
بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 600 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.
باسنيوز