عەبدولمەهدی لەبارەی پۆستەکەیەوە روونکردنەوە دەدات

 عەبدولمەهدی لەبارەی پۆستەکەیەوە روونکردنەوە دەدات


نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی دەست لەکار کێشاوەی عێراق لەبارەی بەردەوامبوون لە پۆستەکەی، روونکردنەوە دەدات.

ئەمڕۆ دووشەممە 2-3-2020، دوا رۆژی یاسایی عادل عەبدولمەهدی بوو لە پۆستی سەرۆکایەتیی حکوومەتی عێراق.

نووسینگەی عادل عەبدولمەهدی رایگەیاندووە، عەبدولمەهدی بە هیچ کوتلە و لایەنێکی سیاسی رانەگەیاندووە کە نیازی هەیە بەردەوام بێ لە پۆستەکەی و هەمان هەڵوێستی پێشووی هەیە.

رۆژی 12-2-2020، بەها ئەعرەجی، سیاسەتمەداری شیعەی عێراق رایگەیاندبوو، کە عادل عەبدولمەهدی بە پەرلەمان و لایەنە سیاسییەکانی راگەیاندووە، لە رۆژی 2-3-2020ـەوە ”بۆ یەک خولەکیش“ سەرۆکایەتیی حکوومەتی عێراق ناکات.

عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.

شەوی شەممە 1-2-2020، سەرکۆماری عێراق، محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی کاتیی وڵاتەکەی راسپارد، تاوەکو شوێنی عادل عەبدولمەهدی بگرێتەوە.

بەپێی دەستووری عێراق، دەبوایە سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو لە ماوەی 30 رۆژدا کابینەکەی پێک بهێنێت و بیخاتە بەردەم پەرلەمان، بەڵام عەللاوی نەیتوانی کابینەکەی پێک بهێنێت و درەنگانی شەوی یەکشەممە 1-3-2020، شکستهێنانی خۆی راگەیاند.

دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.

خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و بێکاریی گەنجان، دەستیان پێکرد.

بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 600 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.





باسنیوز
Top