بەها ئەعرەجی: بەهۆی عەللاوییەوە کارەساتێک لە عێراق دروست دەبێت
سیاسەتمەدارێکی عێراقی باس لە دروستبوونی کارەسات لە وڵاتەکەی لە ئەگەری متمانە نەدان بە کابینەکەی عەللاوی، دەکات.
بەها ئەعرەجی، جێگری سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) رایگەیاندووە، متمانەدان بە کابینەکەی محەمەد عەللاوی کێشەیە و متمانە نەدانیش کارەسات دروست دەکات.
بەها ئەعرجی داوای لە محەمەد عەللاوی کردووە بۆ دوورخستنەوەی کارەسات لە عێراق، بەر لە کۆبوونەوەی پەرلەمان وازهێنانی خۆی لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق رابگەیەنێت و دەست لەکارەکە بکێشێتەوە.
بڕیارە کاتژمێر 1ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 1-3-2020، پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بۆ دەنگدان بە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەللاوی، ساز بکات.
ئەو کۆبوونەوەیە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو ئەنجام درا، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی رێژەی یاسایی پەرلەمانتاران،کۆبوونەوەکە بۆ رۆژی شەممە (دوێنێ) دوا خرا و دواتر لەسەر داوای محەمەد عەللاوی، خرایە ئەمڕۆ یەکشەممە.
تا ئێستا کورد و بەشێکی سوننە لە کابینەی محەمەد عەللاوی رازی نین و باس لەوە دەکەن، کە عەللاوی تاکڕەوی کردووە و حکوومەتەکەی بە پەراوێزخستنی کورد و سوننە، پێک دەهێنێت.
چاودێران پێیان وایە ئەگەر کابینەکەی عەللاوی لە کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممە متمانە بەدەست نەهێنێت، ئەوا محەمەد عەللاوی چانسی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتیی حکوومەتی کاتیی عێراق لەدەست دەدات.
شەوی شەممە 1-2-2020، سەرکۆماری عێراق، محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی کاتیی وڵاتەکەی راسپارد، تاوەکو شوێنی عادل عەبدولمەهدی بگرێتەوە.
عەللاوی لە یەکەم لێدوانیدا، داوای لە خۆپیشاندەران کرد بەردەوام بن لە خۆپیشاندانەکانیان و رایگەیاند، ”ئەگەر نەتوانم داواکاریی خۆپیشاندەران بەجێ بهێنم، شایستەی ئەو پۆستە نیم“.
عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.
دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.
خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و بێکاریی گەنجان، دەستیان پێکرد.
بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 600 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.
باسنيوز