پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر کابینەکەی عەللاوی کۆ دەبێتەوە

 پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر کابینەکەی عەللاوی کۆ دەبێتەوە
بڕیارە کاتژمێر 1ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 1-3-2020، پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ساز بکات.

ئەو کۆبوونەوەیە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو ئەنجام درا، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی رێژەی یاسایی پەرلەمانتاران،کۆبوونەوەکە بۆ رۆژی شەممە (دوێنێ) دوا خرا و دواتر لەسەر داوای محەمەد عەللاوی، خرایە ئەمڕۆ یەکشەممە.

بڕیارە لەو کۆبوونەوەیە، ئەگەر ئەنجام بدرێ، دەنگ لەسەر کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتییی محەمەد عەللاوی بدرێ و متمانە بە وەزیرەکانی ببەخشرێ.

تا ئێستا کورد و سوننە لە کابینەی محەمەد عەللاوی رازی نین و باس لەوە دەکەن، کە عەللاوی تاکڕەوی کردووە و حکوومەتەکەی بەبێ کورد و سوننە، پێک دەهێنێت.

چاودێران پێیان وایە ئەگەر کابینەکەی عەللاوی لە کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممە متمانە بەدەست نەهێنێت، ئەوا محەمەد عەللاوی چانسی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتیی حکوومەتی کاتیی عێراق لەدەست دەدات.

شەوی شەممە 1-2-2020، سەرکۆماری عێراق، محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی کاتیی وڵاتەکەی راسپارد، تاوەکو شوێنی عادل عەبدولمەهدی بگرێتەوە.

عەللاوی لە یەکەم لێدوانیدا، داوای لە خۆپیشاندەران کرد بەردەوام بن لە خۆپیشاندانەکانیان و رایگەیاند، ”ئەگەر نەتوانم داواکاریی خۆپیشاندەران بەجێ بهێنم، شایستەی ئەو پۆستە نیم“.

عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.

دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.

خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و بێکاریی گەنجان، دەستیان پێکرد.

بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 600 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.









باسنیوز
Top