سەرچاوەیەک: گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەکەی عەللاوی بە بنبەست گەیشتن

 سەرچاوەیەک: گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەکەی عەللاوی بە بنبەست گەیشتن


سەرچاوەیەکی عێراقی باس لەوە دەکات، کە گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق بە بنبەست گەیشتن.

بڕیاربوو رۆژی پێنجشەممە 27-2-2020 پەرلەمانی عێراق بۆ متمانەدان بە کابینەی محەمەد عەللاوی کۆ ببێتەوە، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی کورد و سوننە و بەشێک لە لایەنە شیعەکان لەسەر چۆنێتیی دیاریکردنی وەزیرەکان، رێژەی یاسایی پەرلەمانتاران تەواو نەبوو و کۆبوونەوەکە بۆ رۆژی یەکشەممە 1-3-2020، دواخرا.

ئەمڕۆ شەممە 29-2-2020، ماڵپەڕی (سۆمەرییە نیوز) لە زاری سەرچاوەیەکی سیاسیی عێراقی بڵاوی کردووەتەوە، کە محەمەد عەللاوی تائێستا خۆی لە کورد نزیک نەکردووەتەوە و لەگەڵ هاوپەیمانیی هێزە عێراقییەکان (سوننە)ش نەگەیشتووەتە رێککەوتن.

ئەوسەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە رێژەی ئەو لایەنانەی لە بەرەی دژبەری محەمەد عەللاوی کۆبوونەتەوە بەردەوام روو لە هەڵکشانە و گفتوگۆکانی عەللاوی و بەرەکەی بۆ رازیکردنی لایەنەکان بە بنبەست گەیشتوون.

چاودێران پێیان وایە ئەگەر کابینەکەی عەللاوی لە کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممە متمانە بەدەست نەهێنێت، ئەوا محەمەد عەللاوی چانسی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتیی حکوومەتی کاتیی عێراق لەدەست دەدات.

شەوی شەممە 1-2-2020، سەرکۆماری عێراق، محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی کاتیی وڵاتەکەی راسپارد، تاوەکو شوێنی عادل عەبدولمەهدی بگرێتەوە.

عەللاوی لە یەکەم لێدوانیدا، داوای لە خۆپیشاندەران کرد بەردەوام بن لە خۆپیشاندانەکانیان و رایگەیاند، ”ئەگەر نەتوانم داواکاریی خۆپیشاندەران بەجێ بهێنم، شایستەی ئەو پۆستە نیم“.

عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.

دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.

خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و بێکاریی گەنجان، دەستیان پێکرد.

بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 600 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.









باسنیوز
Top