پەرلەمانتارێک: سەرکۆمار ناتوانێ بە ویستی خۆی سەرۆک وەزیران دیاری بکات
پەرلەمانتارێکی عێراقی رایدەگەیەنێت، سەرکۆماری وڵات مافی ئەوەی نییە بە ویستی خۆی سەرۆک وەزیران دیاری بکات.
ئەمڕۆ شەممە 29-2-2020، عالییە نوسەیف، پەرلەمانتاری عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، ئەگەر عەللاوی لە وەرگرتنی متمانەی پەرلەمان شکستی هێنا، دەبێ سەرکۆمار لە ماوەی 15 رۆژدا کەسێکی دیکە راسپێرێت.
عالییە نوسەیف جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ئەگەر لە کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممە (سبەی)ی پەرلەمان، متمانە بە کابینەی محەمەد عەللاوی نەدرا، ئەوا بەرهەم ساڵحی سەرکۆمار مافی ئەوەی نییە بە ویستی خۆی کەسێکی دیکە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، رابسپێرێت.
ئەو پەرلەمانتارە هەروەها رایگەیاندووە، بەپێی ماددەی 76ـی دەستوور، دەبێ سەرکۆمار کەسێک لە گەورەترین کوتلەی پەرلەمان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت رابسپێرێت.
بڕیاربوو رۆژی پێنجشەممە 27-2-2020 پەرلەمانی عێراق بۆ متمانەدان بە کابینەی عەللاوی کۆ ببێتەوە، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی کورد و سوننە و بەشێک لە لایەنە شیعەکان لەسەر چۆنێتیی دیاریکردنی وەزیرەکان، رێژەی یاسایی پەرلەمانتاران ئامادەی کۆبوونەوەکە نەبوون و بۆ رۆژی یەکشەممە 1-3-2020، دواخرا.
شەوی شەممە 1-2-2020، سەرکۆماری عێراق، محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی کاتیی وڵاتەکەی راسپارد، تاوەکو شوێنی عادل عەبدولمەهدی بگرێتەوە.
عەللاوی لە یەکەم لێدوانیدا، داوای لە خۆپیشاندەران کرد بەردەوام بن لە خۆپیشاندانەکانیان و رایگەیاند، ”ئەگەر نەتوانم داواکاریی خۆپیشاندەران بەجێ بهێنم، شایستەی ئەو پۆستە نیم“.
عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.
دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.
خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و بێکاریی گەنجان، دەستیان پێکرد.
بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 600 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.
باسنیوز